بۆچی ئاژانسێکی سەربە رووسیا هەواڵێکی خۆی دەسڕێتەوە؟

ناوەڕۆکی هەواڵەکە باسی لە چی دەکرد؟
نمایشی سەربازی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا
نمایشی سەربازی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا

K24 - هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی "RIA Novosti" رووسی هەواڵێکی خۆی سڕیەوە کە تێیدا داگیرکردنی تەواوی ئۆکرانیای راگەیاندبوو، بەڵام بەهۆی درەنگ سڕینەوەی هەواڵەکە، کۆپیەکی کەوتە دەست میدیا فەرمیەکانی ئۆکرانیا.

بە گوێرەی میدیای فەرمی حکومەتی ئۆکرانیا "Ukraine NOW"، ئاژانسی "RIA Novosti" رووسی لە 26ـی شوبات/فەبرایەری 2022 لە هەواڵێکدا سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیای راگەیاندبوو.

کاتێک جەنگەکە درێژەی کێشا و ئۆپەراسیۆنەکە بە ناتەواوی مایەوە، هەواڵسازەکانی ئاژانسەکە لە بیریان نەبوو راستەوخۆ ئەوکاتە هەواڵەکە بسڕنەوە، هەرچەندە دواتر سڕدرایەوە، بەڵام توانرا کۆپیەکی هەواڵەکە ئەرشیف بکرێت.

بەشێك لە ناوەڕۆکی هەواڵی ئاژانسە رووسیەکە بە ناونیشانی (هێرشی رووسیا و جیهانی نوێ):

- ئۆکرانیا گەڕایەوە بۆ سەر رووسیا، ئەمە مانای ئەوە نییە کە وڵاتەکە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵکو رێکدەخرێتەوە و دووبارە دەبێتەوە بەشێک لە جیهانە رووسیەکە.

- ئایا بەرلین و پاریس و پایتەختە پیرەکانی ئەوروپا وایاندەزانی مۆسکۆ دەست لە کیێڤ هەڵدەگرێت؟ وایاندەزانی رووسەکان بۆ هەمیشە گەلێکی دابەشکراو دەبن؟

- ئۆپەراسیۆنەکەی ئۆکرانیا، گەڕانەوەیەکی مێژوویی رووسیایە بۆ جێگە و پایەی خۆی لە جیهاندا.

H.H