دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات

پرسی دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلا دەکاتەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق، دوابڕیار لەبارەی دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەدات.

بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی دوابڕیاری خۆی لەبارەی دەستوری بوون و نەبوونی، دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بدات، کە لە کۆبوونەوەی پێشتر بڕیارەکەی دواخستبوو.

چوارشەممەی رابردوو 23/2/2022، دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی تانەی پەرلەمانتارێک لەسەر دووبارە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کۆبووەوە، دوای گفتوگۆ سەرۆکی دادگای فیدراڵی بڕیارەدانی لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئەمڕۆ دواخست.

لە 9ی شوباتی 2022، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دووەمجار، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار کردەوە.