كه‌سوكاری دادوەرە کوژراوەکەی میسان سکاڵا لە دژی بەرهەم ساڵح تۆمار دەکەن

چەند بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر بە واژووی بەرهەم ساڵح ئازاد کراوە و بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتوون
جەواد لوی یاسری بازرگانی ماددەی هۆشبەر و کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەف
جەواد لوی یاسری بازرگانی ماددەی هۆشبەر و کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەف

K24 - هەولێر:

كه‌سوكاری ئەو دادوەرەی پارێزگای میسان کە لەلایەن گرووپێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان کوژرابوو، سكاڵا له‌سه‌ر بەرهەم ساڵح تۆمار ده‌كه‌ن، بەهۆی دەرکردنی فەرمانی لێخۆشبوون بۆ چەند بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر.

پارێزەری كه‌سوكاری دادوەرەکە له‌ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌راده‌ له‌ به‌غدا، سکاڵای لەدژی بەرهەم ساڵح تۆمار کردووە، بەهۆی ئەوەی دوای چەند هەفتەیەک لە کوشتنی "ئەحمەد فەیسەڵ ئەلساعدی" دادوەری پسپۆڕ لە تاوانەکانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەرەوە لە پارێزگای میسان لەسەر دەستی چەند بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر، بەرهەم ساڵح بڕیاری لێخۆشبوونی تایبەتی بۆ تاوانبارەکان دەرکردووە.

سکاڵای پارێزەری خانەوادەی دادوەرەکە
سکاڵای پارێزەری خانەوادەی دادوەرەکە

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی ""یەقین پرێس"، "جه‌واد لوئه‌ی یاسری" کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەف، سەربە گرووپێكی بازرگانی ماددەی هۆشبەر بووە.

دەسەڵاتدارانی عێراق لە ساڵی 2018 دەستگیرکردنی گرووپێکیان راگەیاند لەناو گرووپەکەش "جواد لؤي الياسري" هەبوو، گرووپەکە لە پارێزگاکانی بەغدا و نەجەف بازرگانیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کرد بوو.

هەر لە ساڵی 2018 دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، دوای تۆمەتبارکردنی بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، سزای زیندانی 20 ساڵ و سزای دارایی 30 ملیۆن دینار (25 هەزار دۆلار) بەسەر "جه‌واد لوئه‌ی یاسری" سەپاند.

جەواد لوی جەواد
جەواد لوی یاسری

بە گوێرەی میدیا عێراقیەکان، جه‌واد لوئه‌ی یاسری و چەند تاوانبارێکی دیکە بە نووسراوێکی کۆماری کە واژووی بەرهەم ساڵحی پێوە بووە، لێخۆشبوونێکی تایبەتیان بۆ دەرچووە و ئازاد کراون، وه‌ك سایتی یه‌قین پرێسیش بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئێستاش هەموویان بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتوون.

لە دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکان، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەف جەواد لوی یاسری کشاندەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە تاوانبارەکان ئازادكراون و له‌ دەرەوەی عێراقن و دەزگا ئەمنیەکان دەسەڵاتی دەستگیریکردنی ئەو کەسانەیان نەماوە.