رووسیا، ئەمەریکا بە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکات

"هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی رووسیای فیدراڵ"
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا

K24 – هەولێر

نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکا بە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە ئەوروپا تۆمەتبار دەکات.

گینادی گاتیلۆڤ، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دانانی بنکەی سەربازیی و جێگیرکردنی هێزی ئەمەریکا لە وڵاتانی ئەوروپا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی رووسیای فیدراڵ.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا لە بنکە سەربازییەکانیدا چەکی ئەتۆمی جێگیرکردووە، ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە لە پاڵ ئەو هەڕەشەیەی بۆ سەر ئاسایشی رووسیا دروستیکردووە.

بە گوتەی گاتیلۆڤ، رووسیا دەمێکە داوای لە ئەمەریکا کردووە چەکە ئەتۆمییەکانی لە سنوورەکانی رووسیا لابەرێت، بەڵام گوێی پێنەداوە، بۆیە ئێستا بە کاتێکی گونجاو دەزانن بۆ لابردنی چەکە ئەتۆمیی و سەربازەکانی ئەمەریکا نەک بە تەنیا لە ئەوروپای رۆژئاوا و رۆژهەڵات، بەڵکو لە هەموو ناوچەیەک.