ئاگربه‌ست له‌م دوو شاره‌ی ئۆكرانیا راگه‌یه‌ندرا
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، بۆ ده‌ربازبوونی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له هه‌ردوو شاری ماریوپۆل و ڤۆلنۆڤاخا شه‌ڕ راده‌گرین و رێڕه‌وی ئارامی مرۆیی دروست ده‌كه‌ین.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، ئاگربه‌ست له كاتژمێر 10 به كاتی مۆسكۆ ده‌ستپێده‌كات و رێڕه‌وی ئارام ده‌كرێته‌وه تا هاووڵاتیان بتوانن هه‌ردوو شاری ماریوپۆل و ڤۆلنۆڤاخا جێبهێڵن.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، رووسیا له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئۆكرانیا رێككه‌وتوون ئه‌و رێڕه‌وه مرۆییه دروست بكه‌ن.
شاره‌كانی ماریوپۆل و ڤۆلنۆڤاخا ده‌كه‌ونه باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا و ئێستا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رووسیا و جوداخوازانی هه‌رێمی دۆنباس گه‌مارۆدراون.
ئه‌مڕۆ 10ـه‌یه‌مین رۆژه شه‌ڕی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا ده‌ستیپێكردووه، ئه‌وه‌ش دوای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌لایه‌ن مۆسكۆوه سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانی ئۆكرانیا بۆ بوون به ئه‌ندام له رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ).
وه‌ك مۆسكۆ باسیكردووه، ئه‌ندامبوونی ئۆكرانیا له ناتۆ به واتای ئه‌وه دێت چه‌ك و هێز و مووشه‌كی وڵاتانی رۆژئاوا، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌مه‌ریكا ده‌گاته سه‌ر سنووره‌كانی رووسیا، مۆسكۆ ئه‌وه‌ی به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی وڵاته‌كه‌ی لێكداوه‌ته‌وه و به‌و هۆیه‌وه ده‌یه‌وێت ئۆكرانیا له بوون به ئه‌ندامی ئه‌و رێكخراوه رابگرێت.