کوردێک بەرپرسی هەواڵی زمانە بیانییەکانی رادیۆی سویدە

رادیۆکە بە 8 زمانی جیاواز پەخش دەکرێت

K24 - ستۆکهۆڵم:

کوڕە کوردێک بووەتە بەرپرسی ناوەندی هەواڵی رادیۆی زمانە بیانییەکانی سوید کە رادیۆیەکی فەرمی دەوڵەتە و لە 8 زمان پێکدێت، رۆژانە 24 کاتژمێر پەخشی هەیە، ئەو گەنجە کوردە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان24 باس لە ژیانی خۆی و گەیشتن بەو بەرپرسیارێتیە و شێوازی کارکردنی رۆژانەی رادیۆ سوید دەکات.

شاهۆ موانی کوڕە کوردێکە و بووەتە بەرپرسی گشتی هەواڵی رادیۆی زمانە بیانییەکانی سوید کە زیاتر لە 20 ساڵە بە زمانی کوردی هەواڵ و زانیاری تێدا بڵاودەکرێتەوە.

شاهۆ موانی، خەڵکی گوندی موانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە و 20 ساڵە لە وڵاتی سوید دەژی، قۆناغەکانی خوێندنی ئامادەیی و کۆلێژی لەو وڵاتە تەواو کردووە، دەرچووی بەشی راگەیاندنی یەکێک لە زانکۆکانی سویدە.

شاهۆ، بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەرەتا لە کەناڵە ناوخۆییەکانی سوید دەستم بەکاری راگەیاندن کرد، دوای دوو ساڵ و نیو کارکردنم لە کەناڵە ناوخۆییەکان ساڵی 2014 هاتمە رادیۆی سوید و لە بەشی کوردی دەستم بەکار کرد، دواتر چوومە بەشی ناوەندی دەنگوباس، ئەمساڵیش ئەرکی بەرپرسی ناوەندی هەواڵی زمانە بیانییەکانی رادیۆی سویدم پێسپێردرا".

کەناڵی 1ی رادیۆی سوید، تایبەتە بە هەواڵ و هەڵسەنگاندنی بابەتە سیاسییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە بە 8 زمانی بیانی بڵاودەکرێنەوە. ئامانجی بەشی زمانە بیانیەکانی ئەم رادیۆیە گەیاندنی هەموو هەواڵ و چالاکیەکانی ئەم وڵاتە و بابەتە سیاسی و کلتووریەکانە بە زمانی نەتەوە جیاوازەکان بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە بابەتەکان و تێگەیشتنن لێیان و دانەبڕان لە زانیاری و رووداوەکانی رۆژ.