شەڕی ئۆکرانیا چۆن تەواو دەبێت؟

ئەگەری ئه‌م پێنج سیناریۆیه‌ به‌هێزه‌
دیمه‌نی ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون له‌ ئۆكرانیا دوای بۆردومانه‌كانی رووسیا
دیمه‌نی ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون له‌ ئۆكرانیا دوای بۆردومانه‌كانی رووسیا

K24 - هه‌ولێر:

لە کەشی پڕ لە تەمومژی شەڕ، مەودای بینین کەمە و رێگاکە باش نابیندرێن. هەواڵی گۆڕەپانی شەڕ، هات و هاواری دیپلۆماتکارەکان، هەستی ناخۆشی خەڵکی جەرگسووتاو و ئاوارەکان، تاقەت پڕوکێنەرن. کەوایە دەبێ هەندێ دوور بوەستین و بزانین شەڕی ئۆکرانیا چۆن تەواو دەبێ.

ئەو سیناریۆیانەی سیاسەتمەدار و پلاندانەرە سەربازییەکان لە بەر دەستیاندایە، کامانەن؟ دەگمەن کەس هەیە کە بتوانێ داهاتوو پێشبینی بکات، بەڵام رەنگە بەشێک لە ئەنجامەکان بەو شێوەیە بن، کە زۆربەیان داهاتوویەکی دڵخۆشکەریان نییە.

شەڕی کورتخایەن

بە پێی ئەو سیناریۆیە، رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی فراوانتر دەکات. لە سەرانسەری ئۆکرانیا هێرشی موشەکی بۆ سەر ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان دەکرێ. هێزی ئاسمانی رووسیا، کە تا ئێستا رۆڵی کەمی بینیوە،  هێرشی ئاسمانی فراوان دەکات. هێرشی سایبری فراوان سەرانسەری ئۆکرانیا دەگرێتەوە و ژێرخانە گرنگەکان دەکاتە ئامانج، سەرچاوەی وزە و تۆڕەکانی په‌یوەندی دەپچڕێن.

دیمه‌نێكی بۆردومانی خاركیڤ.. فۆتۆ: Sergey BOBOK \ AFP
دیمه‌نێكی بۆردومانی خاركیڤ.. فۆتۆ: Sergey BOBOK \ AFP

هه‌زاران خەڵکی سڤیل دەمرن. سەرەڕای بەرگرییەکی قارەمانانە، کیێڤ لە ماوەی چەند رۆژدا داگیر دەکرێت. رژێمێکی لاینگری رووسیا، جێی دەوڵەتی ئێستا دەگرێتەوە. ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رەنگە تیرۆر بکرێت، یان بەرەو رۆژئاوای وڵات بچێ، یان رەنگە ئاوارەی دەرەوەی وڵاتیش بێ و لەوێ دەوڵەتی سێبەر دابنێ.

ڤلادیمێر پوتن سەرکەوتن رادەگەیەنێت، بەشێک لە هێزەکانی دەکشێنێتەوە و هێزی پێویست بۆ پاراستنی دەستەڵاتی دەهێڵێتەوە. هەزاران پەنابەر روو لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن. ئۆکراین هەر وەک بێلارووس، پشت بە رووسیا دەبەستێ.

ئەگەری ئەم ئەنجامە دوور لە چاوەڕوانی نییە، بەڵام پێوەندی بە گۆڕانکاری لە هەندێ هۆکاردا هەیە، وەکو: هێزەکانی رووسیا جوولەی باشتریان هەبێت، هێزی زیاتر جێگیر بکرێن و ئیرادەی بەرزی ئۆکرانییەکان بۆ بەرگری لە وڵاتیان، لاواز بکرێ.

رەنگە ڤلادیمێر پوتن کۆتایی بە دەستەڵاتی ئێستای کیێڤ بێنێت و پێش لە لکانی ئۆکرانیا بە وڵاتانی رۆژئاوا بگرێت، بەڵام هەر دەوڵەتێکی لایەنگری رووسیا، نایاساییە و لە بەرانبەر شۆڕشی خەڵکدا، لاواز دەبێت. ئەو ئەنجامە، لەرزۆک دەبێت و ئەگەری پێکدادانی نوێش بەهێزە.

شەڕی درێژخایەن

رەنگە ئەگەری ئەو شەڕە بۆ شەڕێکی درێژخایەن بەهێز بێت. رەنگە سوپای رووسیا بە هۆی ورەی لاواز، لۆجستیکی ناتەواو و سەرکردایەتییەکی نالەبار، تووشی کێشە بێت.

رەنگە کۆنترۆڵ کردنی شارەکانی وەکو کیێڤ کە بەرگریکارانی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن، بۆ سوپای رووسیا ئەستەم و درێژخایەن بێت. ئابڵۆقەی ئەو شارانە رەنگە درێژخایەن بێت، ئەو شەڕە هاوشێوەی شەڕی درێژخایەن و بێ بەزەییانەی رووسیایە لە ساڵی 1990 بۆ داگیردنی پایتەختی چیچان. تەنانەت ئەگەر هێزەکانی رووسیا شارەکانیش بە دەست بگرن، بەڵام لە پاراستنی دەستەڵاتیاندا تووشی کێشە دەبن.

کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا - فۆتۆ: AA
کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا - فۆتۆ: AA

رەنگە رووسیا نەتوانێت هێزی پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکێکی فراوانی وەک ئۆکرانیا دابین بکات. رەنگە هێزی بەرگریکاری ئۆکرانی بە ورەی بەرز و پشتگیریی خەڵک، شەڕی کاریگەر بکەن. وڵاتانی رۆژئاوایی درێژە بە ناردنی چەک و پڕچەککردنی بەرگریکاران بدەن و دوای چەندین ساڵ، سەرکردایەتی نوێی رووسیا هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکێشێتەوە، سەرشۆڕ و بریندار، هەر وەک چۆن دوای دەیەیەك لە ساڵی 1989 ئەفغانستانیان بەجێ هێشت.

شەڕی ئەوروپایی

بڵێی ئاگری ئەو شەڕە داوێنی وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە؟ پوتن دەتوانێت بە ناردنی هێز بۆ وڵاتانی یەکێتی سۆفییەتی جاران وەکو مۆڵداڤی و جۆرجیا کە ئەندامی ناتۆش نین، لە هەوڵی وەرگرتنەوەی بەشێکی زۆری خاکی ئیمپڕاتۆرییەتی پێشوودا بێت. یان رەنگە تەنیا هەڵەی لێکدانەوە و گرژبوونی شەڕەکەی لێ بکەوێتەوە.

ڤلادیمێر پوتن، دەتوانێت بڵێ کە ناردنی چەک و تەقەمەنی لە لایەنی وڵاتانی رۆژئاواییەوە بۆ ئۆکرانیا، دەستدرێژییە و دەبێت تۆڵەی ئەوە بکاتەوە. ئەو رەنگە هەڕەشەی ناردنی هێز بۆ وڵاتانی باڵتیک (کە ئەندامی ناتۆن) وەک وڵاتانی لیتوانیا بکات بۆ ئەوەی رێڕەوێکی وشکانی بۆ کەناراوەکانی کالینینگرادی رووسیا دروست بکات.

کاروانێکی سەربازیی رووسیا - فۆتۆ: AA
کاروانێکی سەربازیی رووسیا - فۆتۆ: AA

ئەمە کارێکی زۆر مەترسیدارە و رەنگە شەڕ لەگەڵ ناتۆی لێ بکەوێتەوە. بە پێی ماددەی 5 لە پەیماننامەی ناتۆ، هێرش بۆ سەر وڵاتێکی ئەندامی پەیمانەکە بە واتای هێرش بۆ سەر هەموو ناتۆیە. بەڵام ئەگەر پوتن پێیوابێت ئەمە تەنیا رێگای رزگارکردنی سەرکردایەتی خۆیەتی، رەنگە پڕ بە دڵ پێشوازی لەو مەترسییە بکات. رەنگە ئەگەر لە ئۆکرانیا هەست بە شکست بکات، شەڕەکە فراوانتر بکات.

ئێستا دەزانین سەرۆکی رووسیا دەیەوێت رێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات، هەر بۆیە رەنگە بیر لە بەکارهێنانی چەکی ناوەکیش بکاتەوە. هەموومان دەزانین لەو هەفتەیەدا، پوتن هێزە ناوەکییەکانی خۆی خستە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

زۆربەی چاودێران پێیان وایە ئەوە بە مانای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام ئەوە پەیامێک بوو کە پلانداڕێژەرانی رووسی مۆڵەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە گۆڕەپانی شەڕ دەدەن.

رێگەچارەی دیپلۆماسی

سەرەڕای هەموو ئەو ئەگەرانە، ئاخۆ رێگەچارەی دیپلۆماسیانە هەیە؟ ئانتۆنیۆ گوترش سەرۆکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی: ئێستا چەک قسە دەکات، بەڵام دەبێت رێگەچارەی ئاشتیانە بەردەوام کراوە بێت.

بێگومان دانووستان بەردەوامە. ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پێوەندی بە ڤلادیمێر پوتنەوە کرد. شاندی رووسی و ئۆکرانی لەسەر سنووری بێلارووس کۆبوونەوە. رەنگە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام پێدەچێت پوتن بە قبووڵکردنی دانیشتن لەگەڵ لایەنی ئۆکرانی، لە سەر ئەگەری ئاگربەست لە رێگەی دانووستانەوە رازی بووە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە رۆژئاواییەکان دەتوانن ئەوەی دیپلۆماتەکان وەکو "رێگەی لاوەکی" ناوی دێنن، دەستەبەری بکەن. دیپلۆماتەکان دەڵێن زۆر گرنگە سەرۆکی رووسیا بزانێت مەرجی لابردنی سزاکانی رۆژئاوا چییە، بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی گونجاو ئه‌نجام بدرێت.

گریانی ژنێك بۆ قه‌یرانی ئۆكرانیا.. فۆتۆ: Sergei MIKHAILICHENKO / AFP
گریانی ژنێك بۆ قه‌یرانی ئۆكرانیا.. فۆتۆ: Sergei MIKHAILICHENKO / AFP

ئەو سیناریۆیەتان لەبەر چاو بێت: شەڕ لە دژی رووسیا بێت، سزاکان پشێوی ناو مۆسکۆی لێ بکەوێتەوە و لەگەڵ گەڕانەوەی تەرمی قوربانیان بۆ رووسیا، دەنگی دژبەرەکان بەهێزتر بێت.

ڤلادیمێر پوتن بیر لەوە بکاتەوە، کە پێی زیاتر لە بەڕەی خۆی راکێشاوە و بەو ئانجامە بگات کە درێژەدانی شەڕ بە بەراورد لەگەڵ کۆتاییهێنانی شەرمنانەی شەڕ، مەترسیی زیاتری لە سەر کورسی و دەستەڵاتی ئەو هەبێت.

چین بێتە ناو یارییەکە و مۆسکۆ بخاتە ژێر گوشارەوە و بڵێت ئەگەر شەڕەکە کۆتایی پێبێنیت، چیتر نەوت و گازت لێ ناکڕم. هەر بۆیە پوتن بیر لە رێگەیەکی دەربازبوون دەکاتەوە.

لەو کاتەدا بەرپرسانی ئۆکرانی وێرانبوونی وڵاتیان بە چاوی خۆیان بینیوە و بەو ئەنجامە دەگەن، کە رێکكەوتنی سیاسی، زۆر باشترە لەو وێرانییە کارەساتبارە. دیپلۆماتەکان دەکەونە خۆ و دەست بە دانووستاندن دەکەن.

بۆ نموونە ئۆکرانیا، فەرمانڕەوایی رووسیا بە سەر کریمیا و دۆنباس قبووڵ بکات. هاوکات پوتن سەربەخۆیی ئۆکرانیا و مافی پتەوکردنی په‌یوەندییەکانی لەگەڵ ئەورووپا بە رەسمی بناسێ. ئەم سیناریۆیە رەنگە قورس بێت، بەڵام دروستبوونی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە لە ناو دڵی وێرانەیەکی خەڵتان لە خوێن، دوور نییە.

رووخانی پوتن

ئەی چی لەبارەی ڤلادیمێر پوتن؟ ئەو کاتێک هێرشەکەی دەستپێکرد، گوتی "ئامادەی هەر ئەنجامێکین". بەڵام ئەی ئەگەر ئەو ئەنجامە داماڵینی ئەو لە دەستەڵات بێ؟ رەنگە چاوەڕواننەکراو بێ، بەڵام جیهان لەو چەند رۆژەدا گۆڕاوە و ئێستا بیر لە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە دەکرێتەوە.

پرۆفیسۆر لارنس فریدمەن، مامۆستای خانەنشینی زانکۆی کینگزی لەندەن و شارەزا لە کێکۆڵینەوەی شەڕ، نووسیویه‌تی: ئێستا ئەگەری کەوتنی کیێڤ و گۆڕینی دەستەڵات لە مۆسکۆ، لە یەک ئاست دان.

بۆ ئەو قسەیە دەکات؟ رەنگە لەبەر ئەوە بێ کە پوتن بە دوای شەڕێکی کارەساتبارە. هەزاران سەربازی رووسی دەکوژرێن، سزای ئابووری تووشی کێشەیان دەکات، پوتن پشتگیری جەماوەری لە دەست دەدات و رەنگە ئەگەری سەرهەڵدان و شۆڕشی خەڵک لە ئارادا بێ.

ڤلادیمێر پوتن چاودێری شه‌ڕه‌كه‌ی دژی ئۆكرانیا ده‌كات / رۆیته‌رز
ڤلادیمێر پوتن چاودێری شه‌ڕه‌كه‌ی دژی ئۆكرانیا ده‌كات / رۆیته‌رز

پوتن ئەو کات بۆ دامرکاندنی دژبەرەکانی، هێزی رووسی بەکار دێنێ، بەڵام ناڕەزایەتییەکان دانامرکێن و دەبێتە هۆی دژایەتی ژمارەکی زۆر لە بەرپرسانی سەربازی، سیاسی و ئابووری رووسیا.

وڵاتانی رۆژئاوایی بە روونی گوتوویانە ئەگەر پوتن لە دەستەڵات نەمێنێت و کەسێکی میانەڕەوتر جێی بگرێتەوە، هەندێك سزای سەر رووسیا نامێنن و په‌یوەندییە دیپلۆماسییەکان ئاسایی دەبنەوە. کودەتایەكی گەورە دەکرێت و پوتن لە دەستەڵاتدارێتی لا دەدرێت. ئەو سیناریۆیەش رەنگە زۆر دوور نەبێت، ئەوەش دوور نییە کە ئەو کەسانەی خێریان لە دەوڵەتی پوتن بینیوە، رەنگە پێیان وابێ ئێستا پوتن ناتوانێ بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت. 

ئەنجامه‌كه‌ چی ده‌بێت؟

ئەو سیناریۆیانە ناتوانین لە یەک سیناریۆدا کۆ بکەینەوە، چونکە ئەگەر تێکەڵ بكرێن، ئەنجامی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ئەنجامی ئەو شەڕە هەر شتێک بێت، نابێ لە گۆڕانی جیهان دوودڵ بین. هەرگیز بۆ دۆخی پێشتر ناگەڕێینەوە. ئیتر په‌یوەندی رووسیا لەگەڵ دنیای دەرەوە جیاواز دەبێت. ئەوروپاش بە جۆرێکی دیکە بیر لە پرسی تەناهی دەکاتەوە. رێکخستنی نێودەوڵەتی لیبراڵ لە سەر یاسا و رێساکان، رەنگە تازە بۆی دەرکەوتبێت کە لە بنەڕەتدا بۆچی دروست بووە.