سیروانی نوێ شه‌ڕی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گه‌رمتر كرد
له گه‌ڕی بیست و دووه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، له یارییه‌كی پڕگۆڵ دا سیروانی نوێ سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد، یانه‌ی نه‌ورۆز و زاخۆش به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان به‌رامبه‌ربوون.
سیروانی نوێ 3 خاڵی به زه‌حمه‌ت به‌ده‌ستهێنا
یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له نێو یاریگه و له‌به‌رده‌م ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی سیروانی نوێی كرد، له خوله‌كی 21 باكۆ عومه‌ر به ئاسیستی میران محه‌مه‌د گۆڵی پێشكه‌وتنی سیروانی نوێی به‌رامبه‌ر چه‌مچه‌ماڵ تۆمار كرد.
دواتر عیماد ئه‌حمه‌د ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به لێدانی راسته‌وخۆ له خوله‌كی 35 ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، نیوه‌ی یه‌كه‌م به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
له نیوه‌ی دووه‌م به‌هائه‌دین به‌كر به ئاسیستی ئاریان جه‌وهه‌ر گۆڵی پێشكه‌وتنی سیروانی نوێی به‌رامبه‌ر چه‌مچه‌ماڵ تۆمار كرد و بۆ دووه‌مجار له یارییه‌كه پێشكه‌وتنه‌وه.
پاشان راستگۆ فه‌ریق كاپتن و مایسترۆی یانه‌ی سیروانی نوێ به تۆماركردنی گۆڵی سێیه‌م به ته‌واوه‌تی ئه‌ركی سه‌وزپۆشه‌كانی چه‌مچه‌ماڵیان قورس‌تر كرد، ئه‌گه‌رچی پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه لێ بدات به‌رهه‌م حوسێن له خوله‌كی 89 گۆڵی دووه‌می چه‌مچه‌ماڵی تۆمار كرد، به‌ڵام نه‌یانتوانی له‌شكست رزگاریان بێت و یارییه‌كه 3 ـ 2 له به‌رژه‌وه‌ندی سیروانی نوێ كۆتایی هات.
سیروانی نوێ به‌م ئه‌نجامه ژماره‌ی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن پێشه‌نگی خوله‌كه گه‌یانده 40 خاڵ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌نجامی یاریی نێوانیان له قۆناخی یه‌كه‌م هه‌ندرێن هه‌ر له لوتكه مایه‌وه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ تووشی حه‌وته‌مین شكست بوو له‌م وه‌رزه و به كۆكردنه‌وه‌ی 29 خاڵ له پله‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندی دێت.
زاخۆ و نه‌ورۆز به‌رامبه‌ربوون
یانه‌ی زاخۆ بۆ چواره‌مین یارییه له‌سه‌ریه‌ك ناتوانێت سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات، ئه‌مجاره‌شیان له نێو یاریگه و له‌به‌رده‌م هانده‌رانی میوانداریی نه‌ورۆزی كرد و یارییه‌كه‌ش به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان به‌رامبه‌ربوون.
له خوله‌كی 28 دیلمان رۆكان ئه‌ستێره‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌ی نه‌ورۆز گۆڵی پێشكه‌وتنی تۆمار كرد، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوانی فیكه‌ی كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌م لێ بدات، ره‌مه‌زان سه‌دیق ئه‌نجامه‌كه‌ی له خوله‌كی 42 بۆ زاخۆ یه‌كسان كرده‌وه.
له نیوه‌ی دووه‌میش هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی له هه‌ژاندنی تۆڕی گۆڵی یه‌كتر سه‌ركه‌وتووبن و ناونیشانی كۆتایی یارییه‌كه به‌رامبه‌ربوون بوو به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان.
نه‌ورۆز و زاخۆ هه‌ریه‌كه‌یان پێنجه‌مین یه‌كسانبوونیان له‌م وه‌رزه تۆمار كرد، زاخۆ به 18 خاڵ له خانه‌ی پازده‌یه‌م و پێشكۆتایی مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا نه‌ورۆز به 27 خاڵ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له پله‌ی حه‌وته‌م دێت.