ئه‌ڵمانیا ڕه‌تیده‌كاته‌وه هێزی تایبه‌تی سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی سوریا كردبێت
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا ڕه‌تیده‌كاته‌وه وڵاته‌كه‌ی هێزی سه‌ربازی تایبه‌تیی بۆ سوریا ناردبێت.
پاش ئه‌وه‌ی هه‌واڵی ناردنی هێزێكی تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ ناوچه‌ی منبج بڵاوكرایه‌وه،حكومه‌تی سوریا ئیدانه‌ی هاتنی هێزی تایبه‌تی ئه‌ڵمانیای كرد و به ده‌ستوه‌ردان و دوژمنایه‌تی ڕاسته‌وخۆ له دژی سوریا ناویبرد و ڕایگه‌یاند،پێشێلكردنی ئاشكرای سه‌روه‌ری سوریایه.
پاش ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی حكومه‌تی سوریا،حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری وڵاته‌كه‌ی ڕایگه‌یاند، كه هیچ هێزێكی تایبه‌تی سه‌ربازانی ئه‌ڵمانیا نه‌چوونه‌ته ناو سوریاوه و هیچ هێزێكی ئه‌ڵمانی له سوریادا بوونیان نییه.
له‌كاتێكدا كه پێشتر بڵاوكرایه‌وه كه ڕاوێژكار و شاره‌زایانی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌ی منبج هاوكاری هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌كه‌ن له شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنی منبج.
هه‌روه‌ها شاره‌زایان و ڕاوێژكارانی سه‌ربازی ئێرانی له‌سه‌ره‌تای ئاڵۆزییه‌كانی سوریاوه به به‌رده‌وامی له‌ناو خاكی سوریادان و هاوكاری هێزه‌كانی حكومه‌تی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن و چه‌ندین ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانده و سه‌ربازی ئه‌و وڵاته ، له‌ناو سوریادا كوژراوون.