کەسێک بەتۆمەتی برینداركردنی براكەی دەستگیركرا
K24 - هەولێر:
کەسێک بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر براکەی خۆی و بریندارکردنی بە چەکی جۆری دەمانجە، لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی کوردسات لەبوونی رووداوێكی تەقەكردن ئاگاداركرایەوە، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دوای لێكۆڵینەوە زانرا كە تۆمەتبارێك بەچەكی جۆری دەمانچە تەقەی لەبراكەی كردووە و برینداری كردووەو دواتر هەڵاتووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دوای ئاشكرابوونی شوێنی تۆمەتبار، توانرا لەماوەی كەمتر لە 24 کاتژمێر دا تۆمەتبارەكە لەلایەن بنكەی پۆلیسی كوردساتەوە دەستگیربكرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلێك و چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتبار (ن ، ع ، ع ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەکانی 405-31 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و دانی ناوە بەتاوانەكەیدا، هەروەھا بەتۆمەتی هەڕەشكردن و ئازاردانی دایكی و خوشكێكی و زاوایەكی سكاڵای لەسەر تۆماركراوە.
H.H