دەریاچەی حەمرین لەبەردەم هەڕەشەی وشکبوونە

سەدا 90ی ئاوەکەی کەمی کردووە
ده‌ریاچه‌ی حه‌مرین
ده‌ریاچه‌ی حه‌مرین

K24 - هه‌ولێر:

دەریاچەی حەمرین، کە بە سەرچاوەی ئاوی یەدەگی ستراتیجی پارێزگای دیالە هەژمار دەکرێت، ئاستی ئاوی بەڕادەیەک دابەزیوە، کە بەراورد بە ساڵی 2019 زیاتر لە سەدا 90ی ئاوەکەی کەمی کردووە، بەم هۆیەشەوە ژمارەی راوچیانی ماسی دەریاچەکە بە رێژەی سەدا 95 کەم بووەتەوە و دەستبەرداری راوکردنبوون.

لەلایەن خۆیەوە ئەحمەد زەرگوشی، بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە، کە دەکەوێتە نزیك دەریاچەی حەمرین، رایگەیاندووە، بەهۆی وشکەساڵییەوە دەریاچەکە لە وشک بوونە و ئەم ماوەیەی وەرزی دابارین ماوە، ئەگەر کاریگەری هەبێت لەسەر زیادبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکە، ئەگەرنا لە وەرزی هاویندا کارەسات روودەدات.

هەروەها ئاماژەی به‌وه‌ش كرد، زۆرینەی راوچیانی ماسی لە دەریاچەکە دەستبەرداری کارەکەیان بوون، بەشێکی زۆری دەریاچەکەش وەک بیابانی لێهاتووە.

دەریاچەی حەمرین دەکەوێتە سەر رووباری سیروان، کە سەرچاوەی ئاوی رووبارەکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەلایەن حکومەتی ئێران لە بەنداوی سەقز گلدراوەتەوە.