رووسیا ئامادەکاری هێرشێکی گەورە بۆ سەر کیێڤ دەکات

K24 – هەولێر
رووسیا ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی هێرشێکی گەورە بکاتە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.
دەستەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا ریگەیاند، هێزەکانی رووسیا ئامادەکاری دەکەن و دەیانەوێت هێرشێکی گەورە بکەنە سەر کیێڤ.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بۆردوومانی سوپای رووسیا بۆ سەر شاری خارکێڤ 21 باڵەخانە لەو شارە گڕیگرتووە.
دەستەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشداوە، سوپای رووسیا ناوچەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانەکان دەکاتە ئامانج، کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی نێودەوڵەتییە.
لە بەیاننامەی دەستەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا ئاماژە بەوەکراوە، رووسیا ئامانجی کۆنترۆڵکردنی شاری ئیپرین-ی سەر بە کیێڤی پایتەختە.
بەرپرسانی سوپای ئۆکرانیا ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش و سەربازی سوپای رووسیا لە نزی کیێڤ جێگیر کراون.
بەگوتەی بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا لە رۆژانی داهاتوودا شەڕی گەورە لە کیێڤ روودەدات.
هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێی نایە رۆژی 12مین، و ئاژانسی هەواڵی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، سوپای رووسیا 6 شاری سەرەکی لە هەرێمی زاپۆریژیای ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردووە.
لەلایەکی دیکەوە دەزگای هەواڵگری بەریتانیا رایگەیاندووە، بەهۆی بە ئامانجکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەلایەن رووسیاوە، لەسەرتاسەری ئۆکرانیا هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە.