زیلینسکی: رێڕەوی خوێناوی دروستکراوە
K24 – هەولێر
سەرۆکی ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت "لە داهاتوودا رووسیا بە فەرمی بۆردومانکردنی خاکەکەمان رادەگەیەنێت، لە جیاتی رێڕەوی مرۆیی رێڕەوی خوێناویان دروستکردووە".
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سهرۆكی ئۆكرانیا لە گوتارێکدا رایگەیاند: "لە داهاتوودا رووسیا بە فەرمی بۆردومانکردنی خاکەکەمان رادەگەیەنێت، بۆردومانکردنی دامەزراوەکانمان، هەموو شارەکان دەیان ساڵ بەر لە ئێستا و لە سەردەمی سۆڤیەت دروستکراون. ئەو دامەزراوانە بوونەتە ژینگەیەک بۆ کارکردن سەدان کەس و هەزاران کەسیش لە دەوروبەری شوێنەکە دەژین، ئەمە کوشتنی پێدەڵێن".
ئاماژەی بەوەشکرد: "گوێبیستی ئەوەین کە رێڕەوی مرۆیی دەکرێنەوە، بەڵام هیچیان دروست نەکراون، لە جیاتی رێڕەوە مرۆییەکان، رێڕەوی خوێناویان دروستکردووە. ئەمڕۆ خێزانێک لە ئیرپین کوژراون. پیاو، ژن و دوو منداڵ. لەسەر رێگەیەکی گشتی کوژران. ئەوان تەنیا دەیانویست شارەکە جێبهێڵن. ئایا چەند خێزانی هاوشێوە لە ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە".