تیک تۆک دوو خزمەتگوزاری خۆی لە رووسیا راگرت

K24 - هەولێر:
لە درێژەی کشانەوەی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان لە رووسیا، ئاپی تیک تۆک کە دروستکراوی وڵاتی چینە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و پەخشی راستەوخۆی لە رووسیا راگرت.
هەژماری فەرمی تیک تۆک لە تویتێکدا رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی یاسا نوێکەی حکومەتی رووسیا، کە بە یاسای "هەواڵی ساختە" ناودەبرێت، هیچ بژاردەیەکمان لەبەردەستا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، کە خزمەتگوزاری بڵاوکردنەوەی پەخشی راستەوخۆ و ڤیدیۆی نوێ رابگرین.
تیک تۆک راشیگەیاند، خزمەتگوزاری ناردنی نامە کارەیە و بەو یاسایە کاریگەر نابێت.
راگرتنی خزمەتگوزارییەکانی تیک تۆک لەدوای کشانەوەی کۆمپانیا ئەمەریکی و رۆژئاواییەکان دێت بەناوبانگترینیشیان کۆمپانیای نێتفلیکس بوو، کە دوێنێ رایگەیاند، خزمەتگوزاریەکانی لە رووسیا رادەگرێت.
پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، گرتە ڤیدیۆکانی سەماکردن و وانەی فاشیۆن و چۆنێتی دروستکردنی خواردن، تەواوی تیک تۆکیان داگیرکردبوو، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگەکە، هاوشێوەی پلاتفۆڕمەکان دیکە هەموو چاوەکان چوونە سەر جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا.
جیاوازی تیک تۆک لەگەڵ پلاتفۆڕمەکانی دیکە ئەوەیە کە زیاتر لەناو گەنجاندا باوە و گرتە ڤیدیۆ سەرنجڕاکێشەکان لە تیک تۆک زۆر بە ئاسانی و بە خێرایی بڵاودەبنەوە و کاریگەری خۆیان لەسەر بینەر بەجێدەهێڵن.
2/ In light of Russia's new ‘fake news’ law, we have no choice but to suspend livestreaming and new content to our video service while we review the safety implications of this law. Our in-app messaging service will not be affected.
— TikTokComms (@TikTokComms) March 6, 2022
H.H