پۆلیسی هەولێر: کەسێک لەکاتی دەستدرێژی کردنە سەر کچێک کوژرا

"کچەکە داوای بەهانەوە چوونی کردووە"
پۆلیسی هەولێر
پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر

پۆلیسی هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه‌، کەسێک لە شەقامی 150 مەتری هەولێر، ویستویەتی دەستدرێژی بکاتە سەر کچێک، لەوکاتەدا کچەکە داوای یارمەتی کردووە و چەند کەسێک بە هانایەوە چوونە و تەقە کراوە و ئەو کەسە کوژراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر "شەوی 6ی ئەم مانگە ئاگادار کرانەونەتەوە بە بوونی رووداوێکی کوشتن لە شەقامی 150مەتری نزیک بەڕێوەبەرایەتی  هاتوچۆ و بانکی منارە، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداو بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەرکەوتووە کەسێک بەناوی (سادق عەبدولخالق جەمال)کوژراوە، لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندای ئەکسێنت، هەروەها هاولاتیەکی ئافرەتی لەگەڵ بووە بەناوی (ا.ا.م)".

ئاماژە بەوەکراوە: "پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کوژراو هەوڵی دەستدرێژی داوە بۆ سەر کچەکە و ئەویش داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی کردووە، دواتر پاسەوانەکانی بانکی منارە کە سەر بە هێزەکانی زێرەڤانین گەیشتوونەتە لای ئۆتۆمبێلەکە، بۆ بە هاناوەچوونی کچەکە، بەڵام شوفێرەکە ویستویەتی رابکات لە ئەنجامدا تەقەکراوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی شوفێرەکە".

پۆلیسی هەولێر، راشیگەیاند: "هەردوو تۆمەتبار خۆیان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر کرد و تۆمەتباران و کچەکەش لەلای هێزەكانى پۆلیس لەژێر لێکۆڵینەوەن، به بڕيارى دادوەرى لێكوڵينەوه بەپێی مادەى 405 له ياساى سزادان راگيراون".