بە ڤیدیۆ.. لە تیک تۆکەوە شێوازی ژیانی ناو جەنگ ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر:
لە کاتێکدا حکومەتی رووسیا فەیسبووک و چەند پلاتفۆڕمێکی دیکەی سۆشیاڵ میدیای رۆژئاوای قەدەغە کردوە، لە ئۆکرانیا خەڵکی لەڕێی سۆشیاڵ میدیاوە رووماڵی حاڵ و گوزەرانی خۆیان دەکەن و پیشانی جیهانی دەدەن کە چییان بەسەردا هاتووە.
ڤالێریا کچێکی فۆتۆگرافەری ئۆکرانیە و یەکێکە لەو کەسانەی کە لە سۆشیاڵ میدیا چالاکە و بەردەوام لە هەژمارە تایبەتەکانی خۆیەوە، شێوازی ژیانی خۆی پیشانی فۆڵۆوەرەکانی دەدات.
@valerisssh Typical situation in Ukraine
♬ Che La Luna - Louis Prima
ئەو بەردەوام رووداوەکانی چواردەوری خۆی کە ئێستا وڵاتەکەی لە جەنگدایە لەڕێی تیک تۆکەوە دۆکیومێنت دەکات و لە ماوەیەکی کەمدا ڤیدیۆکانی بینەرێکی زۆریان پەیدا کرد.
لە ڤیدیۆیەکدا کە زیاتر لە 28 ملیۆن بینەری هەبووە، باس لە خۆی و خێزانەکەی دەکات کە چۆن لە ژێرزەمینێکدا لە ترسی بۆردومانەکانی رووسیا ژیان بەسەر دەبەن.
@valerisssh Living my best life 🥰🥰🥰 Thanks Russia! #ukraine #stopwar #russiastop ♬ Che La Luna - Louis Prima
لەلایەکی دیکەوە، هەژماری فەرمی تیک تۆک لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، لەژێر رۆشنایی یاسا نوێکەی حکومەتی رووسیا، کە بە یاسای "هەواڵی ساختە" ناودەبرێت، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، کە خزمەتگوزاری بڵاوکردنەوەی پەخشی راستەوخۆ و ڤیدیۆی نوێ لە رووسیا رابگرن.
پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، گرتە ڤیدیۆکانی سەماکردن و وانەی فاشیۆن و چۆنێتی دروستکردنی خواردن، تەواوی تیک تۆکیان داگیرکردبوو، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگەکە، هاوشێوەی پلاتفۆڕمەکان دیکە هەموو چاوەکان چوونە سەر جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا.
جیاوازی تیک تۆک لەگەڵ پلاتفۆڕمەکانی دیکە ئەوەیە کە زیاتر لەناو گەنجاندا باوە و گرتە ڤیدیۆ سەرنجڕاکێشەکان لە تیک تۆک زۆر بە ئاسانی و بە خێرایی بڵاودەبنەوە و کاریگەری خۆیان لەسەر بینەر بەجێدەهێڵن.
H.H