قەدەغەکردنی هاوردەی رووسیا نرخی نەوتی بەرز کردەوە

نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی 14 ساڵی رابردوو بەرز دەبێتەوە
نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - هەولێر

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بەهۆی ئەو شۆکانەی دووچاری بازاڕ بوون، دوای ئەوەی ئەمەریکا هاوردەی نەوتی رووسیای قەدەغەکرد و هەندێک ئاماژەی روونیش هەن کە بەشێک لە کڕیاران خۆیان لە کڕینی نەوتی رووسیا بەدوور دەگرن.

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ 130.89 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ 126.04 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، هاوردەی نەوتی رووسیا و سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەی وزەی رووسیا بە تەواوی قەدەغەکرد، بەریتانیاش رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پلە بە پلە هاوردەی نەوتی رووسیا و بەرهەمەکانی دیکەی وڵاتەکە رادەگرن.

لەلایەکی دیکە کۆمپانیای شێل رایگەیاند، کڕینی نەوتی خاوی رووسیا رادەگرن، بە شێوەیەکی پلە بە پلە چالاکەییەکانیان لە کەرتی هایدرۆکاربۆنی رووسیا رادەگرن، بەمەش دەبنە یەکەم کۆمپانیای نەوتی رۆژئاوا، کە سەرجەم چالاکییەکانیان لە رووسیا رادەگرن.

لەوبارەیەوە، بە گوێرەی خەملاندنەکانی بانکی گۆڵدمان ساکس، زیاتر لە نیوەی نەوتی هەناردەکراوی رووسیا لە رێگەی بەندەرەکانەوە دەفرۆشرێن، بەمەش نزیکەی %70 نەوتی رووسیا کە لە دەریاکانەوە دەگوازرێنەوە، دووچاری سەختی دەبنەوە لە دۆزینەوە کڕیارەکانیان.

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا نرخی نەوت بە رێژەی %40 بەرزبووەتەوە. رووسیاش دووەم بەرهەمهێنەری نەوتییە لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس.

بەمەش نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی 14 ساڵی رابردووی بەرزبووەتەوە، کاتێک لە مانگی تەمموزی 2008 نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 139.13 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس گەیشتە 130.50 دۆلار.