جەنگ سەرمایەی ملیاردێرەکانی بەرەو کوێ بردووە؟

نوێترین پلەبەندی ملیاردێرەکان لەکاتی جەنگ
جەنگ و سەرمایە
جەنگ و سەرمایە

K24 - هەولێر:

دوای چەند هەفتەیەکی کەم لە دەستپێکی ساڵی 2020 بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا قەیرانێکی گەورەی لە بازاڕەکان دروستکرد و بازاڕی پشکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزین و بەهۆیەوە سامانی ملیاردێرەکان دەیان ملیار دۆلار داکەوت.

بەڵام دواتر بازاڕی پشکەکان گەڕایەوە ئاستەکانی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و تەنانەت ئاستی نوێشی تۆمارکرد، سەرمایەی ملیاردێرەکانیش بە شێوەیکی بەرچاو فراوان بوو کە پرسیاری زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

بە تەنیا سەرمایەی ئێلۆن مەسک دامەزرێنەری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس بە تەنیا 340 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەمەش بووە دەوڵەمەندترین کەسایەتی لە سەدەی هاوچەرخدا.

ئێلۆن مەسک
ئێلۆن مەسک

بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی شوباتدا، بازاڕی پشکەکان و بازاڕە داراییەکان بە شێوەیەکی خێرا داڕمان کە لە سەدەی رابردوودا هاوشێوەی نەبوو، بەهۆیەوە سامانی ملیاردێرەکان بەشێوەیەک داکەوت لە مێژووی هاوچەرخدا هاوشێوەی نەبووە.  

شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا
شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا

بەمەش سامانی ملیاردێرەکان لە دەستپێکی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 1.3 ترلیۆن دۆلار کەمی کردووە، ئەو قەبارەیەش یەکسانە بە بەهای ئابووری بەشێک لە وڵاتە گەورەکان.

تەنیا سامانی ئێلۆن مەسک لەسەرەتای ئەمساڵەوە 62 ملیار دۆلار دابەزیوە و گەیشتووەتە 208 ملیار دۆلار.

هەروەها سامانی مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەری مێتا و فەیسبووک لەسەرەتای ئەمساڵەوە 55 ملیار دۆلار بۆ 71.4 ملیار دۆلار کەمی کردووە.

دوای ئەوانیش بێرنار ئارنۆ دامەزرێنەری لویس ڤیتۆن نزیکەی 50 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و سامانەکەی گەیشتووەتە 128 ملیار دۆلار.

چانگ بینگ دامەزرێنەری باینانس بۆ دراوە ئەلیکترۆنییەکان 35 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و سامانەکەی بووەتە 62 ملیار دۆلار.

جێف بیزۆسیش دامەزرێنەتی ئامازۆن نزیکەی 30 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و سامانەکەی بۆ 162 ملیار دۆلار کەمی کردووە.

لە بەرامبەردا، جوۆم بوساز خاوەنکاری هۆڵەندی لە سەرەتای ئەمساڵەوە 12 ملیار دۆلار قازانجی کردووە و سامانەکەی گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار. لە دوای ئەو کێن گرافین کە لە بواری خزمەتگوزاری دارایی کار دەکات، سامانەکەی 8.5 ملیار دۆلار قازانجی کردووە و سامانەکەی بووەتە 30 ملیار دۆلار.

وارێن بافیت سەرمایەداری بەناوبانگی ئەمریکا و دامەزرێنەری Berkshire Hathaway سامانەکەی نزیکەی 8 ملیار دۆلار بۆ 117 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

دوایین پلەبەندی ملیاردێرەکان بە گوێرەی پێنوێنی بلوومبێرگ:

1- ئێلۆن ماسک 208 ملیار دۆلار

2- جێف بیزۆس 162 ملیار دۆلار

3- بێرنار ئارنۆ 128 ملیار دۆلار

4- بێڵ گەیتس 126 ملیار دۆلار

5- وارێن بافێت 117 ملیار دۆلار

6- لاری پەیج 114 ملیار دۆلار

7- سێرگی براین 109 ملیار دۆلار

8- ستیڤ پالمەر 101 ملیار دۆلار

9- لاری ئێلسۆن 93 ملیار دۆلار

10- گوتام ئادانی 82 ملیار دۆلار