ژنانی ئۆکرانی لە کەمپەکانەوە نزا بۆ سەربازەکانیان دەکەن
K24 - پۆڵەندا
لەناو کەمپەکانی پەنابەران، ژنانی ئۆکرانیا وێڕای پیرۆزبایی رۆژی جیهانی ژنان، نزا بۆ سەربازەکانیان دەکەن کە سەلامەت بن، ئەو ئافرەتە ئۆكرانیانەی قسەیان بۆ كوردستان24 كردووە، نیگەرانن كە ناتوانن پێداویستی رۆژانەی منداڵەكانیان دابین بكەن و لە ئاوارەیی دا لە پاروویەك نان دەگەڕێن، بەڵام دەستیان ناكەوێت.
ماریان، یەکێکە لە ژنە ئۆکرانیەکان بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان بووەتە پەنابەر و لە کەمپێکی پەنابەران لە پۆڵەندا گیرساوەتەوە، ئەو لە غوربەت بە شوێن پەناگایەکدا دەگەڕێت و بە بەتانییەیەک جەستەی منداڵەکەی گەرم دەکاتەوە، بەڵام دەروونی بۆ خاک و وڵاتەکەی خەریکە دەسووتێت، لە 8ی مارس مارس رۆژی جیهانی ژنان، لە بری گوڵ بۆ جل و بەرگی گەرم بۆ منداڵەکانی دەگەڕێت و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت: نزا بۆ وڵاتەکەم و سەربازەکانی دەکەم کە سەلامەتبن.
ماریان، بە کوردستان24ی گوت: "من بۆ وڵاتەکەی خۆم دەگریم، بۆ ئەو ژنانەی کە ئەمڕۆ ناتوانن لە وڵاتەکەم یادی رۆژەکەیان بکەنەوە، بۆ منداڵەکانی وڵاتەکەم دەگریم ئێمە هەموو شتێکمان لەدەستدا، ناتوانین لەم رۆژەدا جەژن بگێڕین، هەموو ئەوانەمان خۆش دەوێت کە یارمەتیان داین لەم نەهامەتیەدا، من لەگەڵ مێردەکەم و سێ منداڵ لە ئۆکرایناوە هاتووینەتە دەرەوە، دەریان کردین، هیوادارم هەموو ئەو وڵاتانەی هاوکاریمان دەکەن وڵاتەکەمان رزگار بکەن، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە وڵات و جێی خۆمان، من دەپاڕێمەوە و نزا دەکەم بۆ ئەو سەربازانەی بەرگری لە خاکەکەمان و ئازادی وڵاتەکەمان دەکەن".
ژنێکی دیکەی ئۆکرانی لەو کەمپەدا بەناوی ناوی ئیرامینیا، خۆی و دوو منداڵی هاتوونەتە سنووری پۆڵەندا، لەناو کەمپەکەدا بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی رۆژانەی منداڵەکانی دەگەڕێت و دەڵێ: "ئەمڕۆ کە 8 مارسە، پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی ئۆکراینا و جیهان دەکەم، هیوادارم بە ئازادی بگەڕێینەوە بۆ وڵاتی خۆمان، سوپاسی تۆش و هەموو دنیاش دەکەم، بۆ گەیاندنی دەنگمان و هاوکاریەکانیان، ژنانی ئۆکرانی لە رۆژی هەشتی مارسدا جگە لە خەمی وڵاتەکەیان، دەبێت پێداویستی منداڵەکانیشیان دابین بکەن و بەدوای خواردندا بگەڕێن".
بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، تائێستا نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی ئۆکرانیا وڵاتەکەیان جێهێشتووە،و کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بەشێکیانن لەسەر سنوورەکانن و بەشێکی دیکەشیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەڕێکەوتوون و هەندێکیان لە کەمپەکان نیشتەجێکراون.