پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی رووسیا و ئۆکرانیا

Kurd24

هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئۆكرانیا و رووسیا لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا لە کارلێکردنێکی چالاکەوە گەیشتووەتە قەیرانێکی قوڵ. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات 30 ساڵ پێش ئێستا لە 14 شوباتی 1992 دەستیپێکرد. هاوکاری نزیکی نێوانیان کە پێشتر یەك وڵات بوون گەیشتووەتە ئاستێك کە ئێستا لە جەنگێكی قوڵدان.

 دەستپێکێکی بەڵێندان

لە ساڵی 1992 لە ماوەی دوو دەییەی یەکەمدا رووسیا و ئۆکرانیا بەشێوەیەکی چالاکانە پەرە بە هاوکاری دولاییەنە و کارلێکردن بە رۆحی نێوانیان دەدەن. سنوور و کۆنتڕۆڵکردنی گومرگ لە نێوان هەردوو وڵاتدا دامەزرا، کەشتی دەریای رەش دابەشکرا و هاوکاری سەربازی و تەکنیکی رێکخرا، لە ساڵی 1997 پەیماننامەیەکیان واژووكرد لەسەر دۆستاییەتی و هاوبەشی رووسیا و ئۆکرانیا.

لەو کاتە دراوسێکان بەشێوەییەکی چالاك پەرەیان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکاندەدا لە 2000 کاندا رێژەی بازرگانی هەردوو وڵات گەیشتە ئاستێكی یەکجار بەرز بەتایبەت لە ساڵی 2014 رێژەی بازرگانی نێوانیان گەیشتە 18 ملیار دۆلار، ئەگەر ئەم رێژەییە بەراورد بکەین بە ساڵی 1999 دوو بەرامبەرە، لە لایەکی دیکەوە پەیوەندییە خێزانیەکان رۆژ بەڕۆژ بەرە و پێشچوونی زیاتری بەخۆیەوە دەبینی.

کودەتا و بەرەی "دژە رووسیا"

لە ئۆکرانیا لە شوباتی 2014 کودەتاییەك دروستبوو بە پشتیوانی رۆژئاوا و ئەمریکا، ئەم کودەتاییە بووە هۆی گۆڕینی دەسەڵات و لاپەڕەی پەیوەندییەکانی رووسیا و ئۆکرانیای گۆڕی. لە 23ی شوبات، رووسیا باڵیۆزی خۆی، میخایل زۆرابۆڤ لە کیێڤ کێشاندەوە. لە هەمان ساڵ لە مانگی ئادار دوای ریفراندۆمی نیمچە دورگەی کریمیا و یەکگرتنەوەی کریمیا لەگەڵ رووسیا، ئۆکرانیا باڵیۆزی لە مۆسکۆ کێشاندەوە، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بە تەواوی سیاسەتیان بەرامبەر رووسیا گۆڕا و بەوە تۆمەتباریان دەکرد کە نیمچە دورگەی کریمیان داگیرکردووە و دەستوەردان دەکەن لە رووداوەکانی هەرێمی دۆنباس. رووسیایان بە وڵاتێکی دەستدرێژیکەر ناودەبرد لە هەموو ئاستەکاندا دەستیانکرد بە سیاسەتێکی کارای "دژە رووسیا" دواتر ئۆکرانیا سزای بەسەر چەند کۆمپانییەکی رووسی سەپاند، هەروەها چەند کەساییەتیه‌کی کولتووری رووسیای خستە لیستی رەشەوە.

لە ئۆکرانیا لە هەرێمە رووسنشینەکان فێربوونی زمانی رووسی لە قوتابخانەکان سنووردارکرا زۆرێك لە فیلم و كتێب.. قەدەغەکران ئەو شەقام و گەڕەك و شوێنە گشتیانەی بەناوی کەسایەتییە رووسەکان بوون ناویان گۆڕدرا.

کیێڤ پەیوەندییە راسته‌وخۆکانی هێڵی ئاسمانی و هێڵی شەمەندەفەری لەگەڵ رووسیا پچڕاند. دۆسییەی تاوان کرایەوە دژی ئەو سیاسەتمەدارانەی کە داکۆکی دەکەن لە گێڕانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا.

لە 2014ەوە ئوکرانیا بەشێوەیەکی چالاکانە لە چوارچێوەی سی ئای ئێس کشایەوە، لە نیسانی 2019ەوە بەگوێرەی بڕیاری ڤێرخۆڤنا پەیمانی دۆستاییەتی لەگەڵ رووسیای فیدڕاڵ کۆتاییهات، کیێڤ لە دووساڵی  دواییدا زۆر بێ بەهایانە سەیری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دەکرد لەگەڵ رووسیا، بەڕای وەزیری دەرەوەی  ئۆکرانیا دەبوو لە 2014 پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ رووسیا کۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام وەزیر بێ ئاگابوو لەوەی کە پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا زەرەرمەندی یەکەم ئۆکرانیا دەبێت، چونکە بە ملیۆنان ئۆکرانی لە رووسیا ھەن، ئەمە جگە لەو بازرگانیەی کە لە نێوانیان هەبوو بە زیاتر لە 10 ملیارد دۆلار دەخەمڵێندر تەنیا لەساڵی 2021.

روسلان بۆرتنیك، بەڕێوەبەری پەیمانگەی سیاسەتی ئۆکرانیا، دەڵێ "سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو قەیرانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، بەڵام ئێمە هەر بە گرنگی بۆ یەك دەمێنینەوە". بەڕای ئەو سیاسەتوانە کە پەیوەندییەکانی رووسیا و ئۆکرانیا لە دوو ساڵی دوایدا لە خراپترین ئاستیدابووە، بەڵام ناکرێت بە پچڕاوی بمێنێتەوە یان لەناوببرێت.

ئۆکرانیا  و رووسیا، لە رووی سیاسی، ئەمنی و کولتووری زۆر لەیەك نزیكن هەر روداوێك کە رودەدات بە ئەرێنی یان نەرێنی راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر هەردوو وڵات.

پەیوەندییەکانی رووسیا و ئۆکرانیا ئاڵۆزتربوون کاتێك سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی "هیچ پەیوەندییەك ئاسایی نابێتەوە بەبێ گەڕاندنەوەی نیمچە دورگەی کریمیا بۆ ئۆکرانیا".  پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتردەبوون بەتایبەت کاتێك سەرۆك پوتن بەئاشکرا وتی "ئەگەر ئۆكرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆ ئەوە دەبێتە گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایشی رووسیا".

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی رووسیا و ئۆکرانیا 30 ساڵە رێگەیەکی دورو درێژی هەیە هەردوولا بڕیارێکی هاوبەشیان هەبوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، پلانی هاوبەشیان هەبوو بۆ داهاتوو دروستکردنی سی ئای ئێس.

بەرەبەیانی 24ی شوبات، پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، بەتەواوی پچڕان و جەنگ دەستی پێكرد، ئەوەی پوتن بەردەوام جەختی لێدەكاتەوە گەڕاندنەوەی دۆخی ئۆكرانیا بۆ چارەسەری ئاشتیانە بەبێ جێبەجێكردنی تەواوی مەرجەكانی رووسیا مەحاڵە. كە یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كانی رووسیا بۆ ئۆكرانیا، ده‌ستبه‌رداربوونه‌ له‌ ئه‌تۆم، بنبڕكردنی نازیه‌ت له‌ وڵاته‌كه‌ی، داننانه‌ به‌ دورگه‌ی كریمیا وه‌ك به‌شێك له‌ خاكی رووسیا و دانپێدانان به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ردوو ناوچه‌ی "دۆنیتسك و لۆگانسك"وه‌ك دوو كۆماری سه‌ربه‌خۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا، كه‌ به‌م دوواییانه‌ پوتن مه‌رسوومی دانپێدانانی به‌و "دوو كۆماره‌" واژوو كرد.

جیھان لەبەردەم ساتێكی تۆقێنەردایە

 دوای رووداوەكانی جەنگی رووسیا و ئۆكرانیا، كاردانەوەی ئەمریكی و ئەوروپییەكان نیشانماندەدات كە جارێكی دیكە جیھان لەبەردەم ساتەوەختێكی ترسناكدایە، بە تایبەت بۆ ئەوروپییەكان و ترسیان ھەیە لەوەی جەنگەكە ئەوانیش بگرێتەوە و فران بێت تا ئاستی جەنگی سێیەمی جیھان، بەڵام ئایا رێگەیەك ماوەتەوە بۆ پەیوەندی دیپلۆماسی و گفتوگۆكردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی؟ یان ئەوەتا جیھان جەنگێكی دیكەی فراوانی ماڵوێرانكەر بەخۆیەوە دەبینێت و تەڕو وشك بەیەكەوە دەسووتێت.