سزا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك سیاسه‌تمه‌داری رووسیا سه‌پێندرا
K24 – هه‌ولێر:
كۆمیسیۆنی باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاشكرای ده‌كات، 27 وڵاتی یه‌كێتییه‌كه سزایان خسته سه‌ر مۆسكۆ و مینسك، جیا له‌وه‌ش 160 له پیاوانی سوودمه‌ند له ده‌سه‌ڵاتی پوتن ناسراو به ئۆلیگاریش و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیران، سزایان خرایه سه‌ر.
كۆمیسیۆنی باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، 14 له پیاوانی ئۆلیگاریشی چالاك له كه‌رتی ئابووری له بواره‌كانی ( كشتوكاڵ، كانزا و په‌یوه‌ندییه‌كان)ـی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كانیان خرانه ناو لیستی ره‌شه‌وه، جیا له‌وه‌ش 146 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتی رووسیا (ئه‌نجومه‌نی پیران) له‌مه‌ودوا بۆیان نییه بچنه ناو وڵاتانی ئه‌وروپیی.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان كۆمیسیۆنی باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا تا ئێستا 862 كه‌سایه‌تی و 53 پێكهاته‌ی سیاسی رووسی خستووه‌ته ناو لیستی ره‌شه‌وه.
كۆمیسیۆنی باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆیان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، ئه‌وروپا له‌مه‌ودوا ناهێڵێت كه‌ره‌سته‌ی ته‌كنه‌لۆژیای تایبه‌ت به هێزه‌كانی ده‌ریایی رووسی ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته بكرێت، جیا له‌وه‌ش ئه‌وروپا سێ بانكی دیكه‌ی گه‌وره‌ی له سیستمی (سویفت)ـی تایبه‌ت به حه‌واڵه‌ی پاره‌ی له كاركردن راگرت.
یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ده‌قی ئه‌و سزایانه له كاتی بڵاوبوونه‌وه له رۆژنامه‌ی فه‌رمی یه‌كێتییه‌كه ده‌چنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
سزاكانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكه بۆ سه‌ر رووسیا، شكستی به كه‌رتی بانكی ئه‌و وڵاته هێناوه، جیا له‌وه‌ی كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ته‌واوی جومگه‌كانی ئابووری كردووه.