کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکرد

کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیری تورکیا بەڕێوەدەچێت
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراینا لە شاری ئانتاڵیای تورکیا
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراینا لە شاری ئانتاڵیای تورکیا

K24 - هەولێر

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراینا لە شاری ئانتاڵیای بە نێوەندگیری تورکیا دەستیپێکرد.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمتری کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، بە نێوەندگیری مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەدان بۆ گفتوگۆ کردن لەبارەی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

نالین دری، پەیامنێری کوردستان24 لە ئانتاڵیا رایگەیاند، بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکرانیا بە جیا کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بکەن و لەبارەی گفتوگۆکان زانیاری بخەنەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە کۆبوونەوەی سێقۆڵی، مەولود چاوشیۆغلۆ، بە جیا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ و دیمتری کۆلیبا.

پەیامنێرمان، راشیگەیاند، لە دەوروبەری شوێنی کۆبوونەوەکە رێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر، پێش کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک ژنی ئۆکرانی بۆ دەربڕی نارەزایەتی گردبوونەوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی تورکیا دۆخەکە کۆنترۆڵکرا.

کۆبوونەوەی وەیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکرانیا، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماتی-یە کە بڕیارە لە 11 تاوەکوو 13 ئەم مانگە لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا بەڕێوەبچێت.

پێشتر سێ کۆبوونەوەی دیکەی نێوان شاندی رووسیا و ئۆکرانیا، لە ناوچەی سنووری بێلارووس کۆبوونەتەوە.