قۆناغی سێیەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەستپێدەکات

دوای رەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار واژۆ دەکرێت
شەقامی 150 مەتری ھەولێر - ئەرشیف
شەقامی 150 مەتری ھەولێر - ئەرشیف

K24 - هەولێر

دوای رەزامەندی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر جێبەجێکردنی قۆناغی سێیەمی شەقامی 150 مەتری بازنەیی خێرا لە شاری هەولێر، لە رێوڕەسمێکدا ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمپانیای هێمن گرووپ گرێبەستی پڕۆژەکە واژۆ کرا.

پڕۆژەی شەقامی بازنەیی خێرای 150 مەتری نێوان هەولێر – بەحرکە، تاوەکو رێگای هەولێر – دهۆک، دەگرێتەوە، درێژییەکەی 6.1 کیلۆمەترە، بە پانی 8 مەتر قیڕ دەبێت، رێگاکە دوو یەکتربڕی گەورەی تێدایە کە دوو پردی گەورە لە خۆ دەگرێت، هەروەها دوو ئەندەرپاس پردی سوڕانەوەی تێدایە لەگەڵ 13 ئاوبەری سندووقی جۆراوجۆر.

رێگاکی سەرەکی بە پانی 19.5 بۆ هەر ئاراستەیەک و دوورگەی ناوەند 20 مەتر و رێگای خزمەتگوزاری بۆ بەشێکی رێگاکە بە دوو ئاراستەیە بە پانی گشتی 24 مەتر و بۆ بەشەکەی تر یەک ئاراستەیە بە پانی 19 مەتر. هەروەها رێگاکە هەموو پێکهاتەکانی دیکەی رێگا وەک سیستمی ئاوەڕۆ بە درێژی نزیکەی 40 کیلۆمەتر دەبێت، بە پەرژینی خۆپاراستن بە درێژی 35 کیلۆمەتر، تۆڕی رووناکی، هێماکانی هاتووچۆ و هێڵکاری رێگا لە خۆ دەگرێت.

پڕۆژەکە بە گوژمەی 95 ملیۆن دۆلار بە ماوەی 550 رۆژ جێبەجێ دەکرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ گرێبەستی قۆناغێکی دیکەی پڕۆژەی 150 مەتری هەولێر واژۆ کرا، پڕۆکە تەواوکەری دوو قۆناغی دیکەی 150 مەترییە، دەبێتە پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و کوردستان".