واشنتن پاکێجێكی ھاوکاری بەبڕی  13.6 ملیار بۆ ئۆكرانیا پەسەندکرد

پرۆژە یاسای قەدەغەی ھاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە پەسەندکرا
وێران بوونی شارێكی ئۆكرانی به‌هۆی بۆردومانه‌كانی رووسیا / وێنه‌: AFP
وێران بوونی شارێكی ئۆكرانی به‌هۆی بۆردومانه‌كانی رووسیا / وێنه‌: AFP

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا پاکێجێكی ھاوکاری بەبڕی  13.6 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەندکرد.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا، پرۆژە یاسایەکی بوودجەی کە ھاوکاریی دارایی بە بڕی 13.6 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا کە لەگەڵ رووسیا لە شەڕدایە لەخۆدەگرێت، پەسەندکرد.

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، وێنه‌: رۆیته‌رز
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، وێنه‌: رۆیته‌رز

لە دانیشتنێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکادا، پرۆژە یاسای بوودجە بە بڕی 1،5 تریلیۆن دۆلار کە پاکێچی ھاوکاری بۆ ئۆکرانیا لەخۆدەگرێـت و تاکو 30ـی ئەیلوول پارە بۆ حکوومەت دابین دەکات، بە 361 دەنگی بەڵێ و 69 ده‌نگی نەخێر پەسەندکرا.

لەو پاکێجی ھاوکارییەی کە بە بڕی 13،6 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا داواکراوە، بڕگەکانی ھاوکاریی سەربازی و پاڵپشتی بۆ ئەو پەنابەرانەی کە ناچار کراون بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا ھەڵبێن، لەخۆدەگرێت.

لەلایەکی دیکەوە پرۆژە یاسای قەدەغەی ھاوردەکردنی نەوت و وزە لە رووسیاوە بەھۆی ھێرشەکانی وڵاته‌كه‌ بۆ سەر ئۆکرانیا بە زۆرینەی دەنگی 414 ئەندام بە بەڵێ لە بەرامبەر 17 دەنگی نەخێر، پەسەندکرا.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەو دەنگدانە لە دوای سەپاندنی سزایەکی ھاوشێوە بۆ سەر رووسیا لەلایەن سەرۆکی ئەمه‌ریکا، جۆ بایدن ھات.