52 ساڵ پێش ئێستا به‌غدا ناچاركرا دان به‌ مافه‌كانی كورد بنێت

یەکەمجار بوو دەسەڵاتدارانی عێراق به‌ فه‌رمیی دان بە مافی کورد بنێن

K24 - هه‌ولێر:

52 ساڵ بەسەر رێككەوتننامەكەی 11ی ئاداری 1970 تێپەڕدەبێت، له‌و رۆژه‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ناچار كران به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ شۆڕشی كوردستان، كه‌ به‌ شۆڕشی ئه‌یلوول ناسراوه‌، دان به‌ مافه‌كانی كورد بنێن.

هه‌رچه‌نده‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی به‌شێك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بووه‌، به‌ تایبه‌تی خوێندن به‌ زمانی كوردی.

رێككەوتنەكە لە ئەنجامی دوو ساڵ گفتوگۆی چڕ و پڕی نێوان سەركردایەتی سیاسی كورد و حكوومەتی عێراقی هاتە دی، كە دواجار بە رێككەوتنامەیەكی 15 خاڵی دوایی هات. لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەوسای عێراق و سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی و شاندی دانوستانکاری هەردوولا، رێککەوتنەکە وەکو دەستکەوت بۆ هەموو عێراق راگەیاندرا.

گفتوگۆی نێوان شۆڕش و حزبی بەعس گەیشتنە قۆناغێکی نوێی داڕشتنی ماددەکانی رێککەوتنەکە تا درەنگانێکی شەو درێژەی کێشا، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی 10/ 11ی ئاداری 1970 مەلا مستەفای بارزانی و سەدام حسێن واژوویان کرد.

ناوەڕۆکی رێککەوتننامەی 11ی ئادار

به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌، زمانەکانی عەرەبی و کوردی زمانی فەرمی دەبن، ئەو ناوچانەی دانیشتوانیان کوردن بە زمانی خۆیان دەخوێنن، بەڵام زمانی عەرەبیش له‌پاڵ زمانی كوردیدا دەخوێندرێت، قوتابییە دەرکراوەکان بەبێ گوێدانە تەمەنیان دەگەڕێنەوە خوێندن.

له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌: بڕیارەکانی حکومەت لەبارەی زمانەوە جێبەجێدەکرێن و بۆ پێشخستنی ئاستی رۆشنبیری دانیشتوان بەرنامەی تایبەت لە رادیۆ و تەلەفزیۆن بۆ کورد دادەنرێن، کورد بەشداری لە حکومەتدا دەکات و پشکی دەبێت لە وەزارەتەکان و سوپادا، فەرمانبەرانی ناوچە کوردییەکان دەبێت زۆرینەیان کورد بن و بۆ پۆستەکانی پارێزگار، قائیمقام و بەڕێوەبەری پۆلیس، کەسانی کورد دادەمەزرێندرێن.

بڕیاردرابوو كرێكار و فەرمانبەرە مەدەنی و سەربازییەكان بگەڕێنەوە بۆ خزمەت، ناوچه‌ فه‌رامۆشكراوه‌كان قەرەبوو دەکرێتەوە بە دابینکردنی بودجەیەک بۆ بووژاندنەوە و پلانی گەشەپێدانی ئابووری دادەنرێت و بەگوێرەی یاسا مووچە بۆ خێزانی شەهیدەکان دابیندەکرێت.

به‌پێی رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئادار، بەخێرایی کاردەکرێت بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەو کەسانەی بێکارن، دانیشتوانی گوندە عەرەبی و کوردییەکان دەگەڕێنەوە شوێنەکانی پێشوویان و قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکرێتەوە، یاسای چاکسازی کشتوکاڵی جێبەجێدەکرێت و پاکتاوکردنی دەرەبەگایەتی تەواودەکرێت، جوتیاران لەباجی رابردوو دەبەخشرێن.

لەبارەی دەستورەوە، شۆڕش لەگەڵ بەعسدا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە گەلی عێراق لە نەتەوەکانی عەرەب و کورد پێکدێن، داندەنرێت بە مافی گەلی کوردا لە چوارچیوەی عێراقدا، یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆك کۆمار دەدرێت بە کورد، یاسای پارێزگاکان هەموار دەکرێتەوە، کاری پێویست ئەنجامدەدرێت بۆ یەکخستنی ئەو پارێزگا و ناوچانەی زۆرینەیان کوردن، ئەوەش لەپێناو پەیڕەوکردنی ئۆتۆنۆمیدا، کورد بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان بەشداردەبێت لە دەسەڵاتی یاسادانان.

ئەگەرچی دواجار ئەو رێككەوتننامەیە لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە جێبەجێ نەكرا، بەڵام لانی كەم وەك دەستكەوت چووە لاپەڕەكانی مێژووەوە. بووە بنچینەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی پتر بۆ خەڵکی کوردستان.

سوودەکانی رێكکەوتنی 11ی ئادار

• یەکەمجار بوو دەسەڵاتدارانی عێراق دان بە مافی کورد بنێن.

• زمانی کوردی بووە دووەم زمانی فەرمی وڵات.

• لە رووی سیاسییەوە ئۆتۆنۆمی جێگیرکرا.

• بەشێك لە داهاتی نەوت بۆ کورد دیاریکرا.

• لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە دەرکرا، کە بەشداریان له‌ شۆڕش كردبوو.

ئەو رەخنانەی لە رێککەوتنەکە دەگیرێن

• کورد نەیتوانیبوو کێشەی کەرکووك و خانەقین یەکلایی بکاتەوە.

• ماوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە چوار ساڵ بوو.

• متمانەکردن بەو دوژمنەی چەند ساڵێك لەگەڵیدا لەشەڕدا بوون.

• رادەستکردنی چەك و کەلوپەلی سەربازی بە حکومەت.

بەڵام بە خوێندنەوەی دۆخی کوردستان و حکومەتی ئەوکاتەی عێراق جێبەجێکردنی بەشێك لە داواکارییەکانی شۆڕش و بووژاندنەوەی ئابووری دەستکەوتی مێژوویی بوون، هەرچەندە حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی نەبردە سەر، چونکە دواتر کەوتەوە دژایەتی کورد و بە رێكکەوتن لەگەڵ شای ئێران و پێدانی بەشێك لە خاکی وڵاتەکەی فشارەکانی بۆسەر کورد زیاتر کرد و چەندین شێوازی ستەم و جینۆسایدی بەرامبەر بە کورد پەیڕەوکرد.