ڤیان سەبری: دیارکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق پرۆسەکە ئاسانتر دەکات

"دەبێ تەواوی کوتلەی گەورەی پەرلەمان لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران رەزامەندبن"
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ ناوێک بە فەرمی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیار نەکراوە، بەڵام بێگومان دیارکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران هەموو پرۆسەکە ئاسانتر و خێراتر دەکات، دەبێ تەواوی کوتلەی گەورەی پەرلەمان لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران رەزامەندبن.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە دوای دەستپێشخەری موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار ئاسانتر دەکات".

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ناوی جه‌عفه‌ر ئه‌لسه‌در، وەک كاندیدی پێشبینیكراو بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "تائێستا ئەو ناوە بە فەرمی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران رانەگەیەندراوە، پێویست بوو فراکسیۆنی سەدر بەیاننامەیەکیان لەسەر ئەو دەنگۆیە هەبووایە، دەبێ گەورەترین کوتلە لە پەرلەمان رەزامەندبێت لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران، بەتایبەتی ماڵی شیعە".

گوتیشی: "پرۆسەی سیاسی عێراق هەموو پێکەوە گرێدراوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبێ 220 پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنی پەرلامان بن، کوتلەیەک هەیە بەناوی چوارچێوەی هەماهەنگی نوری مالیکی بەشێکە لەو کوتلەیە، دەبێ سەرۆک کۆمار کوتلەی گەورە بۆ دیارکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران راسپێرێت، بۆیە تا گفتوگۆ و هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکان هەبێت، پرۆسەکە ئاسانتر دەبێت".

ڤیان سەبری، جەختیکردەوە: "هاوپەیمانی پارتی لەگەڵ فراکسیۆنی سەدر و سیادە بەردەوامە، لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆدان، جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کاندیدی ئێمە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێبەر ئەحمەدە، هەوڵدەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت".

راشیگەیاند: "بەپێی دەستوور دوای کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن دەبێ لە ماوەی مانگێکدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت 3/4/2022 دوا وادەیە بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە بکرێت، بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر دیارکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، بێگومان دیارکردنی سەرۆک وەزیران پرۆسەکە ئاسانتر و خێراتر دەکات".

ڤیان سەبری، سەبارەت بە مستەفا کازمی، ئەوەی خستەڕوو: "لە دوایین تویتی مستەفا کازمی ئاماژەکان دەریدەخەن کە ماڵئاوایی لە پۆستەکەی دەکات، جگە لەو ناوەی وەک کاندیدی پێشنیارکراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران چەند ناوێکی دیکەش هەن، ناویان نابەم، چونکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە هەموو کاتێکدا ئەگەری گۆڕانکاری هەیە".

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی، دوێنێ ژمارەیەک میدیای عێراقی بڵاویان کردەوە، کە جه‌عفه‌ر ئه‌لسه‌در، كاندیدی پێشبینیكراوە بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.