نزیکەی 2.5 ملیۆن ئۆکرانی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە
K24 - هەولێر:
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە بەهۆی دەستوەردانی سەربازیی رووسیا لە ئۆکرانیا روویان لە وڵاتانی دەوروبەری وڵاتەکە کردووە گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس.
کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوو ملیۆن و 498 هەزار و 827 ئۆکراینی وڵاتەکەیان جێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی دەوروبەری ئۆکرانیا کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم ژمارەیە ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیا لە 24ی شوباتەوە تاوەکو رۆژی 10ی ئادار وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە نیوە زیاتری ئەو ژمارەیە کە یەک ملیۆن و 524 هەزار و 903 پەنابەرە روویان لە پۆڵەندا کردووە و 225 هەزار و 46یان خۆیان گەیاندووەتە هەنگاریا.
هەروەها ژمارەکەی دیکەیش روویان کردووەتەوە کە هەریەک لە سلۆڤاکیا، مۆڵدۆڤا، رۆمانیا، بێلارووس و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دابوو لە ئاوارەبوونی نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتیی لە ئۆکرایناوە ئەگەر قەیرانەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت.
رۆژی 24ی شوباتی رابردوو، رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
سەرچاوە: AA