شوێنەوارەکانی کوردستان هیچ مێژوویەک بۆ گەشتیاران ناگێڕنەوە

نەبوونی "یاسا و بودجە" بەربەستی سەرەکی بەردەم پێشوەچوونی کەرتی گەشتوگوزاری شوێنەواری لە کوردستانە
"نەبوونی خزمەتگوزاری" هۆکاری سەرەکیی کەمیی سەردانی گەشتیارانە بۆ ناو قەڵای هەولێر
"نەبوونی خزمەتگوزاری" هۆکاری سەرەکیی کەمیی سەردانی گەشتیارانە بۆ ناو قەڵای هەولێر

K24 - هەولێر:

کۆتوبەندی یاسایی و موڵکدارێتی، شوێنەوارەکانی کوردستانی بێدەنگ کردووە و ئەوان ناتوانن مێژوو و شارستانییەتی هەزاران ساڵەی کوردستان بۆ گەشتیاران بگێڕنەوە. بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان دەڵێ کە نەبوونی "یاسا و بودجە" بەربەستی سەرەکی ئەوانە.

ساڵانە بە دەیان هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و عێراقی روو لە شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان دەکەن، ئەوان چێژ لە سرووشت و کەشوهەوای کوردستان دەبینن و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن، دواتریش بارگەوبنەیان بۆ ماڵەوە دەپێچنەوە بە بێ ئەوەی کەمترین زانیاری لە مێژوو و شارستانییەتی کوردستان بەدەست بێنن.

سەرووی پێنج هەزار شوێنی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. بێگومان بەشێک لەو شوێنانە ئەستەمە ببن بە شوێنێکی گەشتیاری، بەڵام بە دەیان شوێن بوونیان هەیە کە دەتوانن پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، یارمەتیدەری بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار بن و ببنە سەرچاوەی داهاتی هاووڵاتیانی کوردستان.

سەرووی پێنج هەزار شوێنی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، شوێنەوارێکی دهۆک کە مێژووەکەی بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین دەگەڕێتەوە
سەرووی پێنج هەزار شوێنی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، شوێنەوارێکی دهۆک کە مێژووەکەی بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین دەگەڕێتەوە

نەبوونی یاسا و بوودجە، گرفتی سەرەکی

سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆڵی لێ هەڵماڵیوە و با تایبەت کابینەی نۆیەم لە ئاراستەی فرەیی سەرچاوەکانی داهات، گرنگی زیاتری بە گەشتوگوزار لە کوردستان داوە، بەڵام تا ئێستاش بەشێک لە کۆسپەکانی بەردەم بووژانەوەی ئەو کەرتە وەک خۆی ماوەتەوە.

کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان بە کوردستان ٢٤ دەڵێ: هەندێ لە شوێنەوارەکان کێشەی موڵکدارێتیان هەیە و دەبێ ئەوە لە رێگەی یاسایەکی تایبەتەوە چارە بکرێ. دواتریش دەبێ خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە دابین بکرێ و ئەمەش پێویستی بە بوودجە هەیە کە ئێمە نیمانە.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو ٩٠٠ ملیۆن دیناری بۆ پەرەپێدانی کەرتی شوێنەوار تەرخان کرد، بەڵام کەیفی مستەفا گلەیی لەوە هەیە سەرەڕای ئەوەی چەند مانگێکە بە ئیمزای سەرۆک وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ شوێنەوار دراوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو بڕە بوودجەیەیان پێ نەگەیشتووە.

ساڵی رابردوو کۆنفرانسێک لەبارەی سوودوەرگرتنی لە شوێنەوارەکانی کوردستان بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار بەڕێوەچوو و تەواوی راسپاردەکانی ئەو کۆنفرانسە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کرا.

قەڵای هەولێر، کۆنترین قەڵای جیهانە کە تا ئێستاش ژیان لێی بەردەوامە
قەڵای هەولێر، کۆنترین قەڵای جیهانە کە تا ئێستاش ژیان لێی بەردەوامە

ژیانێکی ٧ هەزار ساڵە، مێژوویەکی فەرامۆش کراو

لە ناو دڵی شاری هەولێردا، قەڵایەک بە بێدەنگی مێژووی حەوت هەزار ساڵەی ژیان دەگێڕیتەوە. قەڵای هەولێر، کۆنترین قەڵای جیهانە کە تا ئێستاش ژیان لێی بەردەوامە، بەڵام ئەویش نەیتوانیوە کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر بووژانەوە کەرتی گەشتوگوزاری شوێنەواری لە کوردستان هەبێ.

بە بڕوای نیهاد لەتیف قۆجە سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، "نەبوونی خزمەتگوزاری" لەو قەڵایەدا بووەتە هۆی ئەوەی تەنیا گەشتیار "لە دەرگایەک بێتە ژوور، بۆ ماوەیەکی کەم لەوێ بمێنێتەوە و لە دەرگایەکی دیکە بچێتە دەرەوە".

نیهاد قۆجە بە کوردستان ٢٤ دەڵێ: هیچ رێستورانت، چایخانە یان هۆتێلێک لەسەر قەڵا نییە. ئێمە شوێنمان بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە هەیە، بەڵام بە داخەوە رێنمایی نییە. کێشەکە ئەوەیە کە بۆ یەکەم جارە لە کوردستان و عێراق شوێنی شوێنەواری بەکرێ بدرێ و هیچ رێنمایی یان یاسایەکمان بۆ ئەو کارە نییە".

رۆژانە ژمارەیەک گەشتیار دەچنە ناو قەڵا و لە شوێنەوارەکانی دەڕوانن، سەردانی مۆزەخانەکانی دەکەن، بەڵام ئەوە لە ئاست خواستی نیهاد قۆجەدا نییە.

ئەو گلەیی لە لایەنی پێوەندیدار هەیە کە بە دەم داواکاری و پێشنیارەکانی ناچن و دەڵێ: پێمگوتوونە پارە و بوودجەشم لێتان ناوێ، بەس لێمگەڕێن با کار بکەم، ئێوەش چاودێریمان بکەن".

ئەشکەوتی شانەدەر کە مێژوویەکەی بۆ ٨٠ هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، بەڵام چۆلە لە گەشتیار
ئەشکەوتی شانەدەر کە مێژوویەکەی بۆ ٨٠ هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، بەڵام چۆلە لە گەشتیار

بەبازاڕکردنی "لاواز" و گەشتیاریی سەرگەرمی

ئەگەر بە پێیان لە قەڵاەوە بەرەو رۆژهەڵاتی شار بەڕێ بکەوی، بە ١٥ خولەکێک دەگەی بە مۆزەخانەی شارستانی هەولێر، مۆزەخانەیەک کە پڕە لە شوێنەواری دەگمەن و مێژووی نەبیستراو، بەڵام زۆر ئەستەمە گەشتیاری بیانی یان تەنانەت گەشتیاری عێراقی و ناوخۆیی لەوێ ببینی.

بە بڕوای کەیفی مستەفا، "نەبوونی شوێن و بینای مۆزەخانەی گونجاو" هۆکاری سەرەکی سەردانی نەکردنی گەشتیارانە، بەڵام نادر رۆستی نووسەر و رۆژنامەنووسی بواری گەشتوگوزار ئاماژە بە هۆکارێکی دیکەش دەکات، ئەویش "بەبازاڕکردنی لاوازە".

ئەو نووسەرە بە کوردستان ٢٤ دەڵێ: نەتواندراوە وەک پێویست کار لەسەر شوێنە شوێنەوارییەکان بکرێ. یاسایەک بۆ رێکخستنی شوێنە شوێنەوارییەکان نییە، جیا لەوە دەبی شوێنەوارەکان نۆژەن بکرێنەوە کە ئەویش پێویستی بە تەرخانکردنی بوودجە هەیە. هۆکارێکی دیکەش ئەوە یە کە تا ئێستا ئەو شوێنانە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمدا یەکلانەبووەتەوە کە سەر بە کامەیانە".

زۆرینەی زۆری ئەو گەشتیارانەی روو لە کوردستان دەکەن، دانیشتوانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن و بە بڕوای نادر رۆستی "ئەمەش یەک لە هۆکارەکانە کە تا ئێستا شوێنەوارەکان نەبوونەتە شوێنێکی گەشتیاری، چونکە گەشتیاری عەرەب زیاتر گەشتیاری سەرگەرمین و بە دوای شوێنەوار و مێژوودا نین".

ئەو کەسانەی ئەزموونیان لە بواری گەشتوگوزار هەیە، پێیان وایە بۆ بووژانەوەی گەشتیاریی شوێنەواری دەبی گرنگی بە گەشتیاری بیانی بدرێ نەک عێراقی، چونکە بۆ نموونە ئەشکەوتێکی وەک شانەدەر کە مێژوویەکەی بۆ ٨٠ هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، ناکرێ بەو شێوەیە لە گەشتیار چۆل بێ، بەڵکوو "دەبی ساڵانە داهاتی ملیۆن دۆلاری بۆ کوردستان هەبێ".