هاووڵاتییەکی ئۆکرانی هاتووەتە هەولێر و ناتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی
K24 - هەولێر:
یەڤگێنی ستریزخاک هاووڵاتییەکی تەمەن 27 ساڵی ئۆکراینایە و پێنج رۆژ پێش ئەوەی رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، هاتووە بۆ شاری هەولێر تا سەردانی خێزانەکەی بکات.
ئەو گەنجە ئۆکرانیە لەبارەی بەجێهشتنی وڵاتەکەی و هێرشی رووسیا گوتی: "ماوەیەك بوو لە میدیا رۆژئاواییەکانەوە هەواڵ بڵاودەکرایەوە کە شتێک لەسەر سنووری وڵاتەکەی ئێمە روودەدات، بەڵام حکومەت زۆر بە هەند وەرینەدەگرت."
یەڤگێنی گوتیشی "من دایکم و زڕباوکم لێرە لە هەولێر دەژین، بڕیارمدا سەردانیان بکەم و چەند رۆژێك لێرە بمێنمەوە تا دۆخەکە هێمن دەبێتەوە، بەڵام ئەوە بوو دوای پێنچ رۆژ لە هاتنم رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە وڵاتەکەم دەستپێکرد."
یەڤگێنی ستریزخاک دانیشتووی شاری کیێڤە و دوای هاتنی بۆ شاری هەولێر نەیتوانیوە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ئۆکراینا و ماوەی سێ هەفتەیە لە هەولێر دەژی.
رۆژی 24ی شوباتی رابردوو، رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوو ملیۆن و 498 هەزار و 827 ئۆکراینی وڵاتەکەیان جێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی دەوروبەری ئۆکرانیا کردووە.
سەرچاوە: AA
H.H