شەڕە لەبیرکراوەکان و کارەساتە نەبینراوە مرۆییەکانی ناو شەڕەکان
K24- هۆڵهندا:
ماوەیەکە هەموو میدیا، ناوەندە سیاسیەکان، سەرۆکی وڵاتان و رێکخراوە حکومی و نا حکومی و مرۆییەکان، سەرقاڵی روماڵ و گواستنەوەی وێرانکاری و کارەساتە مرۆییەکان و وێرانکردنی ئۆکرانیان بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە، هەندێك جار خوێناویترینیان دەرفەتی چاودێری و روماڵ و پێدانی زانیاری نادات (Global Conflict Tracker)ی ئەمهریکی، ئاماژە بە لیستی 27 شەڕ و ئاڵۆزی داوە و وێنەیەکی بڵاوکردووهتەوە، بۆ باشتر تێگەیشتنی ئەو ئازارەی، کە هێشتا بەرۆکی مرۆڤایەتیی بهرنهداوه.
کۆریێرە دێللە سێرای ئیتالی بە دواداچوونێکی لەڕێگهی رۆژنامەنووس و کەسانی دیكهوه ئهنجامداوه، باس لە هەموو ئەو ناکۆکیانە دەکات، کە میدیاکان باسیان ناکەن و تا ئاستی بیرچوونەوە ناویان دهبات.
لە باشووری سودان، ئەو شوێنەی لە لەدایكبوونیانەوە خراپترین ژیان چاوەڕێیان دەکات، جولیا مایسترێللی، لە پزیشکانی بێ سنوور، دەڵێت: کاتێك بۆ یەکەمجار گەیشتمە باشووری سودان سەرسام بووم بەجوانی شوێنەکە، ئەو شانازییەی کە چەندین ستۆری بێهاوتا، سەرکێشی و شەڕیان دەگێڕایەوە، تا ئەوکاتەی رووی راستەقینەی راستیەکانم لەهەر تاکێکدا دەبینی.
جولیا مایسترێللی نووسیویهتی: لە باشووری سودان شەڕێکی لەبیرکراو بەردەوامە و لەهەواڵەکاندا نایانبیستین و نایانبینین، بەوشێوەیەیە کە تووندوتیژی و دژواری ژیان دەبنە ئاسایی. کاتێك ئەو خەڵکەم بینی، بەڕووتی و چاوبەگریان لە سالۆنی نەخۆشخانەی کەمپی پەنابەران لە ''بێنتە''، تا ئێستاش خەڵکەکە لە شوێنی نەشیاو دەژین، پاندێمی، برسێتی، نەخۆشی و خراپی و کەمی خۆراك چاوەڕێیان دەکات. لەباشووری سودان رێژەیەکی زۆری منداڵانی خوار تەمەن 5 ساڵان بەدەست کەمی و نەبوونی خواردنەوە دەناڵێنن.
ناتوانرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەێندرێنە 'تیگرای' بەڵام هیوا نامرێت
فابیۆ بێللومۆرێ، لە رێکخراوی ئامرێف ئیتالیا، دەربارەی شەڕی ئهسیوپیا نووسیهتی: ماندووبوون و خواستی جێهێشتنی ئازار و شەڕ لەپشت خۆیانەوە و کارکردن بۆ داهاتویەکی باشتر بەیەکەوە بنیاتبنێن خواستی هەموانە، جگە لە دابەشبوونی ئێتنیکی، کە بووەتە بارگرانیەك بەسەر شانی هەمووانەوە.
فابیۆ له بهردهوامی نووسینكهكهیدا جهختی كردووهتهوه: ئهسیوپیا هێشتا دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی گەشاندنەوە بۆ هەموو ئهفریقیا، ئەمانە هەمووی ئەنجامی ئەو بینین و قسەکردنانەن، کە لە چاوپێکەوتنەکانماندا لەگەڵ خەڵك پێی گەیشتووین. ساڵی 2020 شەڕێکی سەخت لە تیگرای باکووری وڵات دەستیپێکرد و دوایی تەشەنەی سەند بۆ هەرێمەکانی ئامهارا و ئافار لە نزیك ئەدیس ئابابا پایتەختی وڵات. لەو هەرێمانە زیاتر لە 9 ملیۆن کەس پێویستییان بە خۆراك و هاوکاری مرۆیی هەیە، بەپێی داتاکان زیاتر لە دوو ملیۆن بەهۆی کەمی خۆراك و پێداویستییەکانی ژیانەوە لە گەشەسەندن وەستاون و لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، خێزانەکان لەیەك دابڕاون و ماڵ و حاڵیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە، لە پێناو خۆ رزگارکردن له مردن.
ئالێساندرا مولیا، رۆژنامەنووسی رۆژنامەی کۆریێرێ دێللە سێرا، لەبارەی شەڕ لە بورکینا فاسۆ نووسیویهتی: لە ماوهی چەند ساڵێکی کەمدا ئەو وڵاتە ساڵی 2015 لە ناوچەکهدا بووە پێگەی جیهادییەکان، کاتێك گرووپە ئیسلامیەکان لە مالیەوە هاتبوون کارەساتێکی خوێناویان لەو ناوچەیە خوڵقاند، کارە تێرۆریستیەکان تا ئێستا زیاتر لە 2000 کەسیان کردووهتە ئامانج و ملیۆنێك و 500 ههزار كهس ئاوارەبوون، بەبێ ئەوەی لەشکری بورکینا فاسۆ کە بەشێوەیەکی زۆر خراپ راهێنراون و چەکی باشیان نییە، رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببنەوە و بتوانن هاووڵاتیان بپارێزن.
ئالێساندرا مولیا، باس لە کودەتای کانوونی دووەمیش دەکات و ئاماژهی بهوه داوه، بۆخۆی دووبارە گەڕانەوەی توندووتیژی و خوێنڕشتنی زۆر و کۆمەڵکوژی 'ئیناتە' بوو. لە باکوور بەهۆی نەگەیشتنی هاوکاری و چەك بۆ چەند هەفتەیەك، جیهادییهكان 50 سەربازیان له سەربازگەکەی خۆیان کوشتن.
وەرزی نوێ لە مالی و کەنارەکان.. جێهێشتنی فەرەنسییەکان و گەیشتنی بەکرێگیراوە رووسەکان
گویدۆ ئۆلیمپیۆ، رۆژنامەنووسی دیاری ئیتالی باس لە مالی و ساحیل (کەنارەکان) دەکات، کە وەرزێکی نوێ بۆ ئەوان بەڕێوەیە.. لەوانەیە فەرەنسا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکان، یەکەکانیان بگوازنەوە بەرەو كهناری خۆرئاوا بۆ پشتگیریكردن لهو وڵاتە ئافریقیاییانه، ئەگەری ئهوه ههیه رووبەڕووی هێرشێكی بەربڵاو ببنهوه. نێجیریا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ بڕیارێکی لەو شێوەیە و حکومەت داوای هاوکاری و دەستپێکردنی بەو پلانەی كردووه، بەڵام فەرەنسییەکان داوای چەند مانگێك بۆ رێکخستنی ئەو کارە دەکەن.
گویدۆ لەبەردەوامی هەڵسەنگاندنەکەیدا نووسیویهتی: ئهگەر بەو شێوەیە بەردەوامبێت، رۆڵی رووسەکان روو لە زیادبوون دەکات، کە ئامادەییان بە شێوەی سیاسی و سەربازی هەیە لەگەڵ بەکرێگیراوەکانی کۆمپانیای ڤاگنەر. رووسییەکان شارەزایی و پسپۆریان لەسەر شانۆی ناوچەکە نییە، لەگەڵ ئەوەش دەتوانن لەڕێگهی سووتاندنی تەڕ و وشك پێکەوە ئاگر له زەوی بهردهن، لەڕاستیشدا ئەو ئاماژانە بەباشی دەبینرێن و راپۆرتەکان گهواهیدهری ئەو کارانەن.
لەلایەکی دیكهوه دووبارە ئالێساندرا مولیا باس لە نێجیریا دەکات و دهڵێت: لە نێوان گرووپە جیهادییەکانی ساحیل تا خۆرئاوا و هاتنە ناوەوەی گرووپی بۆکۆحەرام و ئیسوئاپ لە نێجیریا تا باشووری رۆژهەڵات، ئامادەن پێشوازی لە گرووپی کاری نێودەوڵەتی، بەسەرکردایەتی فەرەنسا کە مالییان جێهێشتووە و له ترسی ئهوهی هێرش و رووبەڕووبوونەوەکان روو لەزیادبوون بکەن.
نێجیریا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئهفریقیا کەمترین رێژەی گەشەی مرۆیی تێدا بەدیدەکرێت و سەقامگیری تێیدا زۆر لاوازە و بووەتە جێگای سپیکردنەوەی پارەی رەش، چوارڕیانی کارە نایاساییەکانە، شوێنی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و چەکە، بەتایبەتی لە سنوورەکان هێرشی تێرۆریستی ئەنجام دەدرێت. دووبارە ئەمانەش بوونەتە هۆکاری لێشاوی ئاوارەبوونی خەڵك بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، بەپێی راگەیەندراوی (UNHCR) لە کۆتایی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021، ژمارهی پەنابەران زیاتر لە 600.000 کەس بووە.
لیبیا.. ئەو وڵاتەی ئارامی بەخۆیەوە نابینێت
هەردوو رۆژنامەنووس، ماریا تێرێزە و داڤید ماثێزینی، کە بۆ (Oxfam Italia) کار دەکەن، لە بەدواداچوونێکدا دەڵێن: دوای چەندین ساڵ لە شەڕی سڤیل و ناسەقامگیری، هێشتا لیبیا وڵاتێکی نائارام و بێ دڵنیاییە و دانیشتوانی ئهو وڵاته دابەشی دووبەرە بوونە. چەند رۆژێك لەمەوبەر پەرلەمانی لیبیا متمانەی بە حکومەتی فەتحی باشئاغا بەخشی، کە رووبەڕووی عەبدولحەمید دەبێتەوە، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدا نراوه. یەکەم قوربانیی ئەم شەڕە لەبیرکراو و نائارامە خەڵکی سڤیله، کە بەهەموو شێوەیەك لەڕێگهی دەریای سپی ناوەراستەوە، بە دەیان هەزار پیاو، ژن و منداڵ کە چەندین ساڵە هەموو شێوازەکانی کوشن و تەندووتیژی و بڕین و ناسەقامگیری ژیانی وڵاتەکەیانی تەنیوە، دەیانەوێت خۆیان بگەنیهنە ئیتالیا و بەدوای ژیانێکی سەقامگیردا دەگەڕێن.
یەمەن.. 7 ساڵ شەڕ و 4 ملیۆن پەنابەر
رۆژنامەنووس مارتە سێرەفینی، دەربارەی شەڕی یەمەن دەنووسێت: دوای 7 ساڵ له بەردەوامی شەڕ، هیچ گۆڕانکارییەك رووینەداوە، بە پێچەوانەوە بارودۆخەکە خراپتر بووە، زیاتر لە 4 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵات بێ ماڵ و ئاوارە بوون، زیاتر لە 20 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری سەرەتایی خێرا و مرۆیی و پێداویستیی تەندروستی هەیە، بارودۆخی سەختی ژیان و مەترسییە مرۆییەکان لەراپۆرتێکی پزیشکانی بێ سنوور پشتڕاستکراوەتەوە. شەڕێکی لەبیرکراوە و هەندە باس ناکرێت تا چاوی جیهان بیبینێت و هاوکاری و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
لە سۆماڵەوە تا مۆزەمبیق، بەرەیەکی شەڕی درێژی ئهفریقیا لە نێوان جیهادیهكان و بەکرێگیراوندا
رۆژنامەنووسی ئیتالی گویدۆ ئۆلیمپیۆ دووبارە لەراپۆرتێکدا ئاماژە بە هێڵێکی درێژکراوەی شەڕ لە وڵاتانی ئهفریقیا كردووه و باسی ئهوهی كردووه، لە کۆنگۆ، بورکینا فاسۆ، نێجیریا، مۆزەمبیق، کۆماری ئهفرقیای ناوەراست، سۆمال و هەموو ئەو وڵاتانەی بەشێوەیەك لە شێوەکان تیشکی ئەو ناسەقامگیری و شەڕە دەیانگرێتەوە، هەریەکێك لەو وڵاتانەش شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی تێداهەیە و بارودۆخی مرۆیی و ئابووری لە خراپترین ئاستدایە.
نیجێریا.. تاکتیکی گروپی بۆکۆحەرام قوتابخانەکان دەکەن مۆڵگەی خۆیان
لە راپۆرتێکی رۆژنامەنووسی ئیتالی ئالێساندرا مولیا هاتووە: ئابووری ئهفریقیا بەهۆی پاندێمی و ناسەقامگیریەوە بەرەو داڕمان چووه. تەنها لە نیوهی یهكهمی ساڵی 2021دا هێرشبەرە چەتەکان 5 ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە. بەڵام تەنها گرووپی بۆکۆحەرام نین، لە بەردەوامی شەڕی دەیان ساڵدا دژی گروپە تێرۆریستە ئیسلامیەکان، کە لە باکوری رۆژهەڵات چالاکن، لە ساڵی 2009 وە 2350 رووبەڕووبوونەوە رویداوە و زیاتر لە 27000 کەس مردوون. ئەمەش کێشەیەکی زۆر ترسناك و هەڕەشەکارە، تاکتیکی ئەو گرووپەش بەکارهێنانی قوتابخانەکانە وەك مۆڵگەی خۆحەشاردانیان، کە لە هەندێك ناوچەی چڕی دارستان و شاخاوین و هۆکاری زیادبوون و دروستبوونی کهسانی یاخی و گرووپی تێرۆریستی، بەرهەمی هەژاری و نەبوونی پێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵکە و بارودۆخەکە زۆر لەوە ترسناکترە، کە لە میدیاکیانەوە باسیان لێوە دەکرێت.
ئەفغانستان لە ئابووری شەڕەوە بۆ ئابووری تاوانکاری
کلاودیا ئاگرێستینۆ باس لە منداڵەکانی قهراخ شەقامەکان دهكات، ریزگرتنی درێژی خەڵك کە لە بنکەی رێکخراوە نا حکومییەکان بەدوای خواردندا دەگەڕێن، بوونەتە هۆکاری زیادبوونێکی بەرچاوی تاوانکاری. نزیکەی شەش مانگ تێدەپەڕێت بەسەر کۆنترۆلکردنی هەموو ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، ئەوەی ئێستا روودەدات نوێ نییە، بەڵکو دەرهاویشتەی 40 ساڵ شەڕە، کە کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری وڵات زیادبوونی رێژەی هەژاری هەبووە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی تاوانکاری بەردەوام.
دابەزینی دراو و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەك و زیادبوونی نرخی گەنم و سوتەمەنی بە ڕێژەی لە %40 و برنج بە ڕێژەی لە %50، ژیانی هەموو تاك و خێزانێکی سەختر کردووە. سیستمی تەندروستی روو لە داڕمانە و زۆربەی نەخۆشخانەکان لەبەر نەبوونی پێداویستیی پزیشكی، روو لە داخستنن یان داخراون، دیسان ئەو بارودۆخە ناهەموارە بەرەو لەبیرچوونەوە دەچێت و چیدی باسیان لێوە ناکرێت.
سووریا.. گەروترین کارەساتی مرۆیی سەدەی بیست و یەك
سارا گاندۆلفی لهبارەی بارودۆخی سووریا دوای بەدواداچونێك بڵاویکردووهتە، بەشار ئەسەد لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، دەربارەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا رایگەیاندووە: ''راستکردنەوەی مێژووە و گەڕانەوەی ئەو باڵانسە ونبووەیە، کە دوای کۆتایی یەکێتی سۆڤیەت روویدا''، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا لە سووریا ئاشتی و سەقامگیری بوونی نییە، دوای 11 ساڵ شەڕی ناوخۆ و ئەو ماڵوێرانییەی بەسەر ئەو وڵاتەدا هاتووە، هێشتا سەرۆکەکەی خۆی بە هاوپەیمانێکی بەهێز بۆ پوتن دەستنیشان دەکات و پشتگیری لەو بۆمبابارانکردنە دهكات، كه لە مۆسکۆوە بڕیاری لێدراوە.
سارا له بهردهوامی نووسینهكهیدا ئاماژهی بهوه داوه: لە 15ی مارسی ساڵی 2011، لە ئەنجامی خۆپیشاندان لە شاری دیمەشق و داواکاری ریفۆرم، ئازادی زیاتر و مافی زیاتر، رژێم بە توندترین شێوە وەڵامی دانەوە و بووە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕێکی کۆتایی نەهاتوو، خوێناویترین شەڕی مێژویی سەدەی 21. ساڵی 2014 هێرشی داعش و داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە سنووری خاکی سووریا و عێراق و راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە، دواتر راگەیاندنی هاوپەیمانێتیهکی نێودهوڵوتی دژی داعش هەندەی دیكه خاکی سووریا بووە ئامانج و بوو بە شانۆی وێرانکاری و گەورەترین کێشەی مرۆیی سەدەی 21، ئەمەش بووە هۆکاری سەدان هەزار قوربانی و ئاوارەبوونی زیاتر لە 600 هەزارکەس.
سارا لەبەردەومی بەدواداچوونەکەیدا نووسیویهتی: بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بە هاوکاری و پشتگیری ئێران و رووسیا، ئەمڕۆ لەڕووی سەربازیەوە خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت، بەڵام شەڕ و پێکدادان هێشتا لەو وڵاتە بەردەوامن. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە 13.1 ملیۆن کەس دەکات، کە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی و پێداویستی ژیان هەیە، جگە لەوەش بەشار ئەسەد دەبێت رووبەڕووی دووبارە چاکكردنەوەی ئەو وێرانکارییانە ببێتەوە، کە ئەنجامی داون و رووبەڕووی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتیش ببێتەوە بۆ ئەو تاوانانەی بە کیمیایی دژی دانیشتوانی وڵاتەکەی ئەنجامیداون.
میانمار.. هێرشی سەربازی بۆ سەر تەواوی گەلێك
رۆژنامەنووس پاولۆ سالۆم، لەنووسینی بابەتێکدا لەسەر بارودۆخی میانمار جهخت دهكاتهوه: یەکێك لەو لایەنە کەمانەی لە جیهاندا داگیرکاری رووسیای بۆسەر ئۆکرانیا مەحکوم نەکردووە، بێگومان جەنەراڵەکانی بیرمانین، کە بەر لەساڵێك ئاگاداری ئامادەکارییەکانی رۆژهاڵاتی ئەوروپا بوون، ساڵێکە چاوەڕێی جووڵاندنی تانکەکانیانن، شەڕی پوتن باشترین دەرفەتە بۆ کۆتاییهێنان بەو کارەی لە 1ی شوباتی ساڵی 2021 دەستیانپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی هەموو نەیار و ئۆپۆزسیۆنێك دژی ئەو کودەتایەی کە خاوەنی خەڵاتی نۆبل بۆ ئاشتی، ئونگ سان سوکی و هەموو هاوکارانی لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە، ئەمە بەو مانایە نایەت، کە سوپا پێویستی بە پاراستنی سڤیل هەیە، سەربازی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا راهاتوون بە ئاراستەکردنی چەکەکانیان دژی دانیشتوانی وڵاتەکەیان، لە شۆڕشی ساڵی 2017، کاتێك ئایندارەکان دژی دیکتاتۆریەت هەستان، بەبێ بوونی هیچ توندووتیژییەك و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکرا، ئێستا هیچ كهسێكی ناتوانێت لە گرتن و دەستبەسەرکردن رزگاریبێت لە کەسانی ئۆپۆزسیۆن و سڤیل لە پیاوان و ئافرەتانی سەرپۆش بەسەر لەلایەن ژمارەیەکی زۆری ئێتنی ئهو وڵاتهوه. زانیاری کەم لەسەر رۆهینگیا هەیە، کاتێك ناچارکران بەرەو بەنگلادیش رابکەن، سەرەڕای ناڕەزاییەکی کەم، لەمیسیاکانیش زۆر بەکەمی باسی لێوەکرا و بێدەنگی لێکرا، لە کاتێکدا شەڕێکی خوێناویی ترسناك و وێرانکاری زۆر زیاتر لە دواشەڕی جیهانی لە ئەوروپا روویدا، خراپتر بەردەوامە.
کێشەی مێژویی هیندستان و پاکستان
سهبارهت به کێشەی هیندستان و پاکستان، ئالێساندرا مولیا، نووسیویهتی: هیندستان و پاکستان لە سەرەتای دروستبوونیانەوە دوژمنی یەکترین، واتە لە دابەشکردنی 15ی ئابی 1947، لەلایەن بەریتانییەکانەوە بەسەر دوو دەوڵەتی گەورەدا، یەکێکیان زۆربەیان هیندۆسن و ئەوی دیكهیان موسوڵمان، دوو سەدە لە داگیرکاری کۆلۆنیالیزمی بەریتانی کۆتاییهات، بە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس بە کۆمەڵ و گەڕان بەدوای بنەچە و کولتووری خۆیاندا، یان ئەوانەی بەڕاستی لە دەست توندووتیژی هەڵهاتن، مەزەندە دەکرێت ملیۆنێك کەس لەو رۆژانەدا مردبن. ئەو دابەشکردنە بووە بەرهەمهێنانی شەڕکەر و شەڕی راستهقینه و چەندین هێرشی خوێناوی لەلایەن سوپای هەردوو وڵاتەوە بە درێژایی 75 ساڵ بەردەوامبوو.
ئالێساندرا هەروەها نووسیویهتی: دەیان ساڵە لەبەشی هیندیەکان گرووپی یاخیبوو هەن، کە خوزیاری سەربەخۆیی و یەکگرتنن لە گەڵ پاکستان و لەلایەن هیندستانەوە به گرووپی تیرۆرستی تاوانباردەکرێن و دوا هێرش لە 14ی شوباتی ساڵی 2019 دا بریتی بوو لە کارێکی خۆتەقاندنەوە، لەلایەن گرووپی سوپای محەمەدەوە لە بەشی هیندیەکان لە ههرێمی کشمیر ئەنجامدرا و 44 کەس بوونە قوربانی. دواتر لە 26ی شوباتی هەمان ساڵ، نیودەلهی هێرشێکی ئاسمانی لەناو خاکی پاکستان ئەنجامدا، دوای رۆژێك ئیسلام ئاباد دوو فرۆکەی نیودەلهیی تێكشكاند و یەکێك لە فرۆکەوانەکانیشی دەستگیر كرد. دوای سێ جەنگ، هێشتا کێشە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە و چەندین جار نزیك بوونەتەوە لە پەنابردن بۆ بەکارهێنانی چەکی ناوەکی دژی یەکتر و دروستکردنی هاوپەیمانی دژی یەك. هیندستان زیاتر لە ئەمریکا و ژاپۆن نزیکە، کە دژی چینە، پاکستانیش لەڕووی ئابووریەوە نزیکی پەکین و واشنتنە.
هیندستان و چین.. چارەسەری کێشەکانیان هەرگیز بە ئەنجام نەگەیشتووە
پاۆلۆ سالۆم باس لە کێشەی چارەسەرنەکراوی نوان هیندستان و چین دەکات و جهخت لهوه دهكاتهوه: لە هیندستان کە سنوورێکی درێژی لە باکوورەوە لەگەڵ وڵاتی کۆماری چینە، هەرگیز پەیەوەندییەکی شاعیریان نەبووە، لەگەڵ ئەوەی زۆر بابەتی یەکگرتوی نێوانیان و دەرچوونیان لە کۆلۆنیالیزمی رۆژئاوا دوای شەڕی دووەمی جیهانی بەیەکەوە بوون، بەتایبەتی لە چیای هیمالایا سەربازەکانی هەردوولا چەندین جار بە چەك رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، وەك ئەوەی لە ساڵی 1962 روویدا. ئێستاش هیندییەکان و چینییەکان هۆکاری زیاتریان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکتر، لەسەر ئاستی رای گشتی. موسوڵمانەکانی هیندستان کە ژمارەیان 200 ملیۆن کەسە، لەو کەمانەن بەئاشکرا حکومەتی پەکین بەرەنگاریان دەبێتەوە، ، زۆر جار رۆژئاوا چینییەکان به جینۆسایدكردنی ئهتنیكی لە هەرێمی سەربەخۆی خینجیانگ تۆمەتبار دەکات و لە کۆتایدا سەقامگیری و ئاشتی لە ژێر ئاسمانی گەورەی چینیدا بەدی ناکرێت.
لوبنان.. ئەو شەڕەی بووەتە هزرێك کە زیندووەکان تێیدا دەژین
رۆژنامەنووسی رۆژنامەی ئۆججی (ئەمڕۆ)ی ئیتالی، ڤالێریا پالومبۆ نووسیویهتی: لەکۆتایی شەڕی دووەمی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لەدوای ساڵی 1982، قوربانیەکان لە ریزی لوبنانیەکان نزیکەی 1000 کەس بوون و له ریزی ئیسرائیلییهكانیش 43 كهس بوون و بە هەزاران كهسیش بریندار بوون، مانگێکی سەخت لە 12ی تەممووز تا 14ی ئابی ساڵی 2006، کاتێك داگیرکاری ئیسرائیل دژی هێرشەکانی حیزبوڵڵای بهدواداهات و هەردوولاش سەرکەوتنیان رادەگەیاند، ئەمەش بووە هۆکاری رەوی هەزاران گەنجی لوبنانی لە وڵاتێکی وێرانە. دواتر گەیشتنی 1.5 ملیۆن ئاوارەی سووری بۆ لوبنان، کە خۆیان نزیکەی 4.5 ملیۆن کەسن، ئهوهندهی دیكه بارودۆخەکەی سەخترکرد و کێشەیەکی گەورەی ئابوریشی بهدوای خۆیدا هێنا.
ڤالێریا ئاماژە بە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکانی گۆڕەپانەکانیش دەکات لە ساڵی 2019، کە بوونە هۆکاری پێکدادان، لە 4ی ئابی 2020، هەردوو گرووپی ئەمەل و حیزبوڵڵا بە تەقاندنەوەی بەندەری بەیروت تۆمەتبارکران.
فەلەستین ستۆریەکی بێ کۆتایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەک لە وێنەکەدا دەبینرێت، بەرەی دیموکراتی ئازادکردنی فەلەستین، رێکخراوێکی سیاسی و سەربازی مارکسی لینینیە، ئاهانگی 53 ساڵەی دامەزراندنیان لە شاری غەزە لە 22ی شوباتی 2022 دەگێڕن، شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان کۆتایی نییە، ئێستا ترس لە سەرهەڵدانەوەی چوارەمین راپەڕین (ئینتیفازە) هەیە، کە چاوەڕێی دووبارە خوێنڕشتن و کارەساتی لێدەکرێت.
هایتی.. وڵاتێکی وێران لەناو شەڕ بێ ئەوەی هۆکارێك بۆ شەڕ هەبێت
پاولۆ فۆکینی راپۆرتێك لهبارەی شەڕی هایتی دەنووسێت: هەر لە دیوارمان کەمبوو، کاتێك جیهان چارەسەرێك بۆ کێشەکان نادۆزێتەوە، ئەمجارە دروستکردنی دیوارە لە کۆماری دۆمێنیکانە بە درێژایی 292 کیلۆمەتر لەگەڵ سنووری هایتی، بۆ راگرتن و بەربهستکردنی پانابەر و گرووپەکانی درۆگە و ماددەی هۆشبەر، کە لویس ئابینادار، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەر لە هەفتەیەك یەکەم بەردی بناغەی دانا و رایگەیاند، کارەکان بە 9 مانگ کۆتایی دێن. لە هایتی لەپشت ئەو دیوارەوە چی دەگوزەرێت؟ بەردەوام وڵاتێك زۆر لەوە سەختتر کە لەشەڕدا بێت دیارە، لەبەر ئەوەی بیانویەکی شەڕ نییە کە هۆکارەکەی لایەنێك بێت، جگە لە کارەساتی مرۆیی و نەبوونی ژیان لەسەر شەقامەکان، کە زیاتر لە نیو سەدەیە بەردەوامە. ماوەیەك لەمەوبەر ناڕەزایهتی گۆڕەمانی لێکەوتەوە، خۆپیشاندانێك داوای زیادکردنی مووچە لەو کارگانە کرا، کە ئێستا کارناکەن و رۆژانە 500 گۆردس (5 دۆلار) وەردەگرن بۆ 9 کاتژمێری کارکردن، توندوتیژی پۆلیس و گازی فرمێسکڕێژی تێدا بەکارهات. جگە لە کارەساتی سروشتی، کە لە ئابی ساڵی پێشوو بومهلهرزهیهك روویدا و هەزار کەس بوونە قوربانی. هایتی بەرەو کارەساتێکی مرۆیی دەچێت و جیهانیش لێیبێ دەنگە.
مەکسیك.. بەرەنگاربوونەوەی تەواوی چەتەکانی ماددەی هۆشبەر (گرووپی کارتێلی ناکرۆس)
گویدۆ ئۆلیمپیۆ بۆ رۆژنامەی کۆریێرێ دێللە سێرای ئیتالی باس لە کێشەی مەکسیك دەکات: دانیشتوانی مەکسیك لە هێرشی بەردەوامی چەتەکانی ماددەی هۆشبەر (کارتێلی ناکرۆس) بێزاربوون، وڵات بووەتە ئامانجی هێرشکردن لەکاتی پرسەکاندا، توندوریژیی بەردەوام، بازرگانیکردن بەماددەی ھۆشبەر و هەرچی شتێك بتوانرێت قاچاخچیێتی پێوە بکرێت لە مرۆڤ، بەرهەمی وزە و دەرمان، ئەمانە بەردەوام دەبنە هۆکاری بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەتە و قاچاچیەکانی ناسراو بە کارتێلی ناکرۆس. ئەو شەڕە هەموو وڵاتی تەنیوە بە ناوچە گەشتیاریەکانیشەوە، سنوور بۆ هێرشکردن نییە. سەرۆککۆمار ئۆبرادۆر کە پەیمانی کۆنترۆلکردن و بنبڕكردنی هێرشکارانی دابوو، رۆژنامەکان باس لە تێوەگلانی کوڕەکەی لەکاری نایاسایی دەکەن. ژمارەکان باس له كوژران و بێسهروشوێنبوونی 33،300 کەس تهنها له ماوهی ساڵی 2021 دهكهن، چەندین جار لە رۆژنامەکان ئاماژەمان بەو کارەساتە داوە، کە چۆن هێڵێکی نێتوۆرکی بەهێزی بەیەکەوەبەستنیان هەیە و هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر لە ڕێگەی ئۆتۆمۆبێلی دژە فیشەك، مین و درۆن ئەنجامدەدەن.
کۆلۆمبیا.. کۆمەڵکوژی سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان
سارا گاندۆلفی دەربارەی کۆلۆمبیا ئاماژە بە بهجێهێشتنی بە کۆمەڵی خەڵك و هەزاران کەس لە ماڵەکانیان دەکات، لە باکووری رۆژئاوای کۆلۆمبیا، دوای هەڕەشەی بەردەوامی گرووپە چەکدارەکان، تێدەکۆشن بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچە و زەویانەی کشتوکاڵی نایاساییان تێدا دەکرێت و کۆنترۆڵی بازرگانیکردن بەماددەی ھۆشبەر بکەن. ئەمساڵ بارودۆخ لە کۆلۆمبیا لە نێوان بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر، هێزی نا فەرمی و گرووپە شەڕکەرە کۆنەکان و نوێیهکان زۆر دژوارتر بووە. پەیمانگای گەشەپێدان و خوێندنی ئاشتی (INDEPAS) لەماوهی دوو مانگدا کوشتنی 24 سەرکردەی کۆمەڵایەتی، 5 تێکۆشەری پێشوو، 19 کۆمەڵکوژی و 82 قوربانی تۆمارکردووە و هێرش و پێکدادانەکانیش تا دێت روو لەزیاد بوونن و هیچ لایەنێکیش پابەند نین بەو پەیمانی شەڕ راگرتن و ئاشتیەی لە نێوان حکومەت و گرووپەکان لەساڵی 2016 دوای نیو سەدە لەشەڕی بەردەوام واژۆکرا.
H.B