وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا: رووسیا تەکتیکی شەڕی سووریا لە ئۆکرانیا دووبارە دەکاتەوە
K24- هه‌ولێر:
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند: رووسیا تەکتیکی شەڕی سووریا لە ئۆکرانیا دووبارە دەکاتەوە و دەیەوێت لەڕێگەی فڕۆکەوە شارەکان وێران بکات و دواتر لەڕێگەی هێزی زەمینیەوە بێتە ناو شارەکانەوە و داواشی له وڵاتانی رۆژئاوا كرد، فڕۆکەی جەنگی و سیستمی بەرگری و چەکی دژە فڕۆکەیان پێ بدەن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا.
دیمێترۆ كۆلیبا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا له درێژه‌ی گوته‌كانیدا جه‌ختیكرده‌وه، "وەك پێشتریش باسمکرد، پێویستە ئێمە توانای ئەوەمان هەبێت فڕۆکەکانی رووسیا لە ئاسمان بخەینە خوارەوە، چونکە رووسیا تەکتیکی شەڕی سووریا لە ئۆکرانیا دووبارە دەکاتەوە. دەیانەوێت شار و شارۆچکەکان لەگەڵ زەوی ته‌خت بکەن و ورەی خەڵکی بڕوخێنن و خەڵك توانای شەڕكردنی نەمێنێت، دواتریش هێزی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ داگیرکردنی شارەکانمان".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئەم تەکتیکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل و برینداربوونیان و لەناوچوونی ژێرخانی وڵاتەکەما. ئەگەر ئێمە فڕۆکەی جەنگی و سیستمی بەرگری ئاسمانی پێویستمان نەبێت، نەك تەنیا ستینگەر، بەڵکو چەکێکی بەهێزتر و کاریگەرتر شارەکانمان زیاتر وێران دەبن و خەڵکی زیاتریش دەبنە قوربانی".
دووپاتیشیكرده‌وه، "بۆ ئەوەی بتوانین باشتر تانك و زرێپۆشەکانی رووسیا لەسەر زەوی و فڕۆکەکانیان لە ئاسمان بخەینە خوارەوە، پێویستیمان بە فڕۆکەی جەنگی و سیستمی بەرگری و دژە فڕۆکەیە".
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له په‌یامێكدا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سەرۆکی ئۆکرانیا جه‌ختیكرده‌وه: تەنیا له‌و كاته‌دا رووسیا دەتوانێت بێتە ناو کیێڤ، کە شارەکەمان بەسەردا خاپوور بکات و هەموومان بکوژێت و دووپاتیكرده‌وه، تاکە رێگەی هاتنە ناوەوەی رووسیا بۆ ناو کیێڤ، خاپوورکردنی شارەکە و کوشتنی ئێمەیە.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی كریملن، ئه‌مڕۆ له دوو په‌یوه‌ندی جیاوازدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و ئۆلاف شۆڵز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، پوتن به‌و سه‌ركرده ئه‌وروپییه‌ی راگه‌یاندووه، سوپای ئۆكرانیا یاساكانی مافی مرۆڤ پێشێل ده‌كات و داوای لێ‌كردن، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی كیێڤ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له ره‌فتاره‌كانیان هه‌ڵگرن.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا " ئێلیزێ رایگه‌یاند، به‌ر له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان ماكرۆن و پوتن، سه‌رۆك ماكرۆن په‌یوه‌ندیی به زێلێنسكییه‌وه كردووه و زێلێنسكی داوای له هاوتا فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی كردووه، هاوكار بێت بۆ ئازادكردنی سه‌رۆكی شاره‌وانی مێلێتۆپۆل، كه شه‌وی رابردوو له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه رفێندراوه.
بۆ بینینی نوێترین ڤیدیۆی شه‌ڕی ئۆكرانیا جۆیینی كه‌ناڵی كوردستان24 له تێلیگرام بكه
H.B