کاردانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی شاری ھەولێر و زیانگەیشتن بە کوردستان24 لە میدیاکانی جیهاندا

میدیاکانی جیهان کوردستان24 دەکەنە سەرچاوەی هەواڵ و باس لە زیانەکانی دەکەن
زیانەکانی دامەزراوەی کوردستان24
زیانەکانی دامەزراوەی کوردستان24

K24 - هەولێر:

چەند میدیایەکی جیهانی هەواڵی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێریان بڵاوکردەوە و باسیان لە زیانەکانی دامەزراوەی کوردستان24 کرد.

وێبسایتی نیویۆرک پۆستی ئەمەریکی لە هەواڵی هێرشەکەی سەر هەولێر ڤیدیۆیەکی تویتەری کوردستان24 دادەنێت و ئاماژە بە پەخشی راستەوخۆی ستۆدیۆی کوردستان24 دەدات کە بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانی پێگەیشتووە.

رۆژنامەی "the jerusalem post"ـی ئیسرائیلی لە هەواڵێکدا باس لە هێرشەکەی شەوی رابردوو دەکەن و بە دانانی تویتێکی رۆژنامەنووس بەرزان سادیق ئاماژە بە زیانەکانی دامەزراوەی کوردستان24 دەدەن.

هەر سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر وێبسایتی "Verdens Gang"ـی نەرویجی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە کە شەوی رابردوو بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری هەولێر و وێنەیەکی پەخشی راستەوخۆی کوردستان24 وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی هەواڵەکەی وەرگرتبوو.

ئاژانسی رییانۆڤەستی رووسی نووسیویەتی: چەند مووشەکێک لە نزیک دامەزراوەی کوردستان24 کەوتوونەتە خوارەوە و زیان بە ئامێر و کەل و پەلەکانی کوردستان24 گەیشتووە.

هەردوو وێبسایتی زە گاردیەن و دەیلی مەیڵی بەریتانی بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەواڵی هێرشە مووشەکییەکەیان بڵاوکردەوە. 

ئاژانسی هەواڵی ستۆریفوڵ
ئاژانسی هەواڵی ستۆریفوڵ

 

لەلایەکی دیکەوە هەریەک لە ئاژانسە هەواڵیەکانی فرانس پرێس و ئەنادۆڵ و ستۆریفوڵ لە راپۆرتەکانیاندا رووماڵی هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ شەوی سەر هەولێریان کرد و ئاژانسی هەواڵی ئەسۆوشیەیتید پرێس باسی لە زیانەکانی دامەزراوەی کوردستان24 کرد کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە زیان بە ستۆدیۆ و بەشەکانی دیکەی دامەزراوەکە گەیشتبوو.

 

H.H