گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەستپێدەکات

تائێستا گفتوگۆکانیان بێ ئەنجام بووە
هۆڵی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی ئۆکرانیا و رووسیا لە بێلارووس، 28/2/2022 - وێنە: AFP
هۆڵی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی ئۆکرانیا و رووسیا لە بێلارووس، 28/2/2022 - وێنە: AFP

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانیان بەڕێوەبچێت.

دیمیتری پێسکۆف، وتەبێژی کرملن رایگەیاند، ئەمڕۆ 14/3/2022، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەستپێدەکات.

پێشتر چەند جارێک کۆبوونەوە لەنێوان شاندی رووسیا و ئۆکرانیا ئەنجامدراوە، دوایین گفتوگۆشیان 10ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی نێوان سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمتری کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بوو ، بە نێوەندگیری مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماتی لە شاری ئانتاڵیای تورکیا.

گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەڵام هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان.

لە 24/2/2022، سوپای رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، تائێستا چەند شار و ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کردووە و هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی کیێڤی پایتەخت چرکردووەتەوە.