ئێرانییەکان توانای کڕینی کیلۆیەک میوەیان نییە و بە دانە دەیکڕن

هاووڵاتیانی ئێرانی توانای کڕینی میوەیان بە کیلۆ نییە
هاووڵاتیانی ئێرانی توانای کڕینی میوەیان بە کیلۆ نییە

K24 -

بازاڕەکانی ئێران لە سەروبەندی نەورۆزدا، تووشی قەیران بوونە. تێکڕای توانای کڕین لە ئێران بە رادەیەک دابەزیوە کە بەرپرسێک قسە لە کڕینی میوە "بە دانە" لە لایەن هاووڵاتیانەوە دەکات.

پیشەوەرانی ناو بازاڕ پێیان وابوو لەگەڵ هاتنی نەورۆز و وەرگرنتی مووچە و پاداشت لەلایەن مووچەخۆرانی دەوڵەتەوە، بازاڕیان گەرم دەبێت، بەڵام ئەستەمە ئەمساڵ ئەوە بێتە دی.

رۆژی یەک شەممە (١٣ مارس) رەزا فاتمی ئەمین وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بە یاوەری جێگرەکانی لەسەر داوای لیژنەی ئابووریی ئەنجوومەنی شوڕای ئێران، سەردانی ئەنجوومەنەکەیان کرد و لەبارەی رێکخستنەوەی نرخی کەلوپەلە سەرەکی و ناسەرەکییەکان و بازاڕی جەژنی نەورۆز، روونکردنەوەیان دا.

ئەکبەر یاوەری ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکێتی میوەفرۆشان دووپاتی کردووەتەوە کە "میوە گرانە و توانای کرێنی خەڵکیش کەم بووەتەوە، بۆیە ناچارن بە دانە میوە بکڕن".

یاوەری دەڵێ: کەس توانای کڕینی میوەی نەماوە، هەر بۆیە ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار تۆن میوە لە بازاڕی میوەفۆرشان ماوەتەوە. ئەگەر سەردانی دوکانەکانی میوەفرۆشی بکەن، بۆ دانیشتووانی تاران دەگرێن، چونکە توانای کڕینی میوەیان بە کیلۆ نییە و ناچارن بە دانە بکڕن".