لە ترسی تیرۆركردن تیمێكی تایبهت پارێزگاری له پۆمپیۆ و هووك دهكهن

K24 – واشنتن/ ئهمهریكا:
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمهریکا، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردوە، هەڕەشەکانی ئێران سەبارەت بە تیرۆری مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوە و برایان هووك، راوێژکارانی پلەبەرزی وەزیری دەرەوە و لێپرسراوی پێشووی تایبەتی واشنتن بۆ کاروباری ئێران، وای کردوە پاراستنی گیانی ئەوان مانگانە بڕی 2 ملیۆن دۆلار تێچوو هەڵگرێت، چونکە هەڕەشەکانی تیرۆری ئەو دوو کەسە لەلایەن ئێرانەوە جیددیە و دەبێت بە بەردەوامی پارێزگاریان لێبکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی لەم بارەویەوە و لە راپۆرتێکیدا بۆ کۆنگرێس گوتویەتی: ''تێچووی پاراستنی پۆمپیۆ و برایان هووک لە مانگی ئاب/ ئۆگهستسی 2021ـهوه تاوهکو مانگی شوبات/ فێربرایهری 2022، بڕی 13 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بووە''.
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە بۆ کۆنگرێس روو بە بەڕێوبەرایەتی سەرۆک بایدن ئاشکرای کردوە: ''بە گوێرەی هەڵسانگاندنەکانی هەواڵگری ئەمهریکا، هەڕەشەکان لە دژی ئەو دوو کەسە پاش تەواوبوونی بەرپرسایەتیان، تاکو ئیستا وەک خۆی ماوەتەوە، تەتانەت لەوانەشە هەڕەشەکان پتر بووبێت. تەنانەت مەترسی و هەڕەشەکان دژی ئەو دوو دیپلۆماتە لە کاتێکدا بەڕێوبەرایەتی "جۆو بایدن" بۆ زیندووکردنەوەی رێکكەوتنی ئهتۆمی ساڵی 2015، ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە دانوستاندایە، کۆتاییان پێنەهاتووە''.
بەرپرسانی ئەمهریکا ئاشکرایان کردوە، پرسی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی پۆمپیۆ و هووک بە جیددی دەزانن، هەر بۆیە لە وتووێژەکانی ڤییەنادا، ئەمە باسی لێکراوە، لە بەرانبەردا ئێران خوازیاری لابردنی ناوی سوپای پاسداران بووه لە لیستی تیرۆری ئەمهریکا. کاتی خۆی ئەو دوو بەرپرسەی ئەمهریکییە بۆ جێگرکردنی سوپای پاسداران لە لیستی ''رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان''، لەلایەن ئەمهریکاوە، رۆڵێکی بەرچاویان گێراوە.
بە پێی زانیارییەکانی بڵاوکراوەی ''واشنتن فری بیکەن''، هووک لە سەرەتای ساڵی 2021 تاکو ئێستا لاینکەم سێ جار رووبەرووی هەڕەشەی تیرۆر بووهتەوە.
رێکخراوی ''یەکریزی دژی ئێرانی ئەتۆمی''، لە بەیاننامەیەکدا داوای کردوە، حەسەن موسەویان، باڵوێزی پێشووی ئێران لە ئاڵمانیا، کە هەنووکە لە ئەمهریکایە، لەم وڵاتە دەربکرێت، چونکە خۆشحاڵی خۆی بۆ دڵەڕاوکێ و ترسی هاوژین و بنەماڵەی هووک سەبارەت بە مەترسی تیرۆرکردنی لەلایەن ئێرانەوە بە ئاشکرا دەربڕیوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە بۆ کۆنگرێس، پۆمپیۆ پاش کۆتایی هاتنی بەرپرسایەتی وەکو وەزیری دەرەوە، بۆ ماوەی 180 رۆژ، لەلایەن ئۆفیسی ئاسایشی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوە پارێزگاری لێکراوە، بهڵام ئەم پاراستنە لەلایەن "ئەنتۆنی بلینکن"، وەزیری دەرەوە، بۆ ماوەی 60 رۆژ درێژکراوەتەوە و لە ماوەی نزیکی داهاتوودا وادەی پاراستنی تایبەتی پۆمپیۆ کۆتایی دێت، هەر بۆیە دەبێت وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتمانی تا 16ی ئەم مانگە بڕیار بدات، ئاخۆ ماوەی پارێزگارییەکە درێژ بکرێتەوە، یان نا؟''.