سەرۆکی ئۆکرانیا نرخی نەوتی دابەزاند
K24 - هەولێر
دوای ئەوەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سهرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ لایەنی رووسی بەرەوپێشچوونە، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممە 14/3/2022 دابەزی.
گەورە راوێژکاری زیلینسکی ئاماژەی بەوە کردووە، دانوستاندنەکان لەگەڵ لایەنی رووسی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەردەوامە. هەروەها ڤلادمێر پوتین، لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و ئەڵمانییەکانی گەیشتوونەتە رێککەوتن، دوای ئەوەی لەگەڵ زیلینسکی گفتوگۆیان کردووە.
دوای ئەو لێدوانە رۆژنامەوانیە لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئایار بە رێژەی 2.1% بۆ 110.30 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی نیسان بە رێژەی 2.44% بۆ 106.66 دۆلار دابەزی.
لە لایەکی دیکەوە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوت، هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانە بە پەتای کۆرۆنا لە چین ئەوەش مەترسی لەسەر خواست بۆ نەوت دروستکردووە.
هەروەها کابینەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، گوشاری زیاتری خستووەتە سەر چین، بۆ ئەوەی پابەندی ئەو سزایانەی واشنتن و هاوپەیمانەکانی ئەوروپا و ئاسیا بێت بۆ سەر ئابووری رووسیا.
لەوبارەیەوە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، جیک سولیڤیان راوێژکاری ئاسایش نیشتمانی ئەمەریکا رۆژی دووشەممە لە رۆما لەگەڵ گەورە دیپلۆماتکارانی چین کۆدەبێتەوە.