مێسی داوای له باوكی كردووه بیگهڕێنێتهوه بارسێلۆنا
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرای دەکەن لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئارجێنتینی ئارەزوو دەکات لە پاریس سانجێرمان بڕوات و لە کۆتایی ئەم وەرزە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا.
مێسی لە هاوینی رابردوو لە بارسا جیابووەوە و بە گرێبەستێکی سەربەست تاکو ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەکەی پاریس کرد.
بەپێی بەرنامەی ئێلچێرینگیتۆی ئیسپانی لیۆ مێسی نایەوێت لە پاریس بەردەوام بێت، دوای ئەو هێرشەی لەلایەن هاندەرانەوە کرایە سەری و فیكهی ناڕهزاییان له دژی لێ دا.
هاندەرانی سانجێرمان لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر بۆردۆ لە لیگ وەن هێرشێکی تووندیان کردە سەر مێسی و نێیمار و پۆچێتینیۆی راهێنەری یانەکەیان بەهۆی دۆڕانیان بەرامبەر ریال مەدرید و کرانە دەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگ.
لە بەرنامە بەناوبانگەکەی ئیسپانیا هێما بۆ ئەوەش کرا، خۆرخێ مێسی باوکی ئەستێرە ئارجێنتینییەکە لە چەند رۆژی رابردوو پەیوەندی بە بەرپرسانی بارسێلۆنا کردووە و بۆچوونی یانە کەتەلۆنییەکەی لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی لیۆ مێسی سەر لەنوێ بۆ بارسا وەرگرتووە.
مێسی لەم وەرزە لەگەڵ پاریس سانجێرمان لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتیەکان بەشداری 26 یاریی کردووە و تەنیا 7 گۆڵ و 11 ئەسیستی کردووە.