بلینكن: پشتیوانی هه‌رێمی كوردستان و ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئێران ده‌كه‌ین

ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌نتۆنی بلینكن رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندیم به‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ و پشتیوانیم بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه‌.

له‌ تویتێكدا بلینكن رایگه‌یاندووه‌، دوێنێ په‌یوه‌ندیم به‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كرد، بۆ ده‌ربڕینی پشتیوانی خۆمان بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئیدانه‌كردنی په‌لاماری ئه‌م دواییه‌ی ئێران، كه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق بوو.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: باسیشمان له‌ یه‌كڕیزی كورد و پێویستیی دامه‌زراندنی حكومه‌تێك كرده‌وه‌، كه‌ له‌ توانایدا بێت عێراقییه‌كان و گه‌له‌كه‌ی بپارێزێت.

كاتژمێر (01:03:43) شه‌وی 12/13ی ئازار/ مارسی 2022، دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 كرایه‌ ئامانجی ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی بالیستی و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رپرسیارێتی په‌لاماره‌كه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ.

ئه‌و په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌ زیانی زۆری به‌ر باڵه‌خانه‌ی كوردستان24 و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی نزیك له‌ رووداوه‌كه‌ گه‌یاندووه‌.