سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا دەکات

سه‌رۆكی حكومه‌ت جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی ئاداری 2022 مەسرور بارزانی سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە لە ڤيلله‌ ڤاريۆلا باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە عێراق و ئان مێسكانه‌ن سه‌رۆكى نێرده‌ى ڕاوێژكاريى يه‌كێتيى ئه‌وروپا له‌ عيراق و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر و ژمارەیەک ڕاوێژکار پێکهاتبوون.

لە کۆبوونەوەکەدا،سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوە دەستوورییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و شەڕی تیرۆر و کێشەی کۆچبەران تاووتوێ کرا.

شاندی یەکێتی ئەوروپا، کورتەیەکیان دەربارەی کاروچالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەتایبەتی لە بواری هاوکاریکردنی چاکسازییەکانی حکومەت لە ڕووی بەهێزکردن و باشترکردنی سیستەمی بانکی و کاروباری هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تاوانی ڕێکخراو و سپیکردنەوەی پارە و کۆچی نایاسایی. لەم ڕووەوە، شاندەکە بە پێزانینەوە ئاماژەیان بە هاریکاريى و هەماهەنگیی بەردەوام و بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە گەڵ باڵیۆزخانە و نێردەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق .

سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی هاوکاریی وپشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپا، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ برەودان بە شەفافیەت و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی.

 سەرۆکی حکومەت هەروەها، ئاماژەی بە نادەستووریبوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کرد تایبەت بە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە.

65345
4654
5464
6545
5476