چیرۆکی بارزانیی نەمر و منداڵێکی کریستیانی شەقڵاوە "مامۆستا خەلیل پۆڵس خۆرانی"

Kurd24

لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، جەنابی "بارزانیی نەمر" لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە دەگەڕێتەوە عێراق وداوتر لۆ کوردستان. لە کوردستان سەردانی شەقڵاوەی ئازیز دەکات و لە دیوەخانی خوالێخۆشبوو "ساڵح میران" چاوی بە شەقڵاوەییەکان (خۆشناوەکان) دەکەوێت.

لەوێ دوو منداڵی کریستیان (لەو کاتەدا لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی دەبن)، زۆر پەرۆش دەبن کە لە خزمەتی بەڕێز بارزانیی نەمر ئامادە بن. یەکێکیان خوالێخۆشبوو، "پێشمەرگە و شاعیر وهونەرمەند" کاک "خەلیل پۆلس خۆرانی" و ئەوی تریان ڕێزدار مامۆستا "ئەرسانیس ئیسحاقی" دەبێت (خوای گەورە تەمەنیان درێژ بکات). مامۆستا ئەرسانیس و کاک ڕێدوانی کوڕی گەورەی مام خەلیل، دەگێرنەوە: کە خوالێخۆشبوو کاک "خەلیل پۆلس خۆرانی" بە خزمەتی بارزانیی نەمر دەگات، لە خۆشەویستییان بۆ بارزانیی نەمر، هەوڵ دەدات دەستی ماچ بکات. بارزانیی نەمر ئەمە قبووڵ ناکات و مامۆستا خەلیل لە باوەش دەکات و دەڵێت: "نابێ منداڵی کوردستان دەستی کەس ماچ بکات" و دواتر نێوچاوان و سەری مامۆستا خەلیل ماچ دەکات.

وێنه‌ی خه‌لیل خۆرانی
وێنه‌ی خه‌لیل خۆرانی

 

دوای زیاتر لە 30 ساڵ، مامۆستا "خەلیل خۆرانی" پاش ڕاپەڕین لە ساڵی 1991 دەنووسێت:

‎شەوی یەڵدا                                                                          

‎ئەی ئەو شەوەی لە شەوانی زستان

تاکەی

‎هەموو شەوە سەختەکانی وەرزی ساڵت

‎گرتووەتە خۆ؟

‎شەوی پڕ ئەشکەنجە

تاکەی

‎لە باوەشی ڕق و ئەڤین و ئازاری

‎یەکتردا بگەوزین؟

‎لەسەر شۆستەی سارد و سڕی و ناهەمواری

‎بێ ئارامی و فرمێسکدا،

‎وەکو عیسای شەوی یەڵدا

‎لە ئاخوڕدا، لە دایک بین ؟

‎ئەدی، ئەم شەو

‎کێ دەبێتە مامانی ... دایە مەریەم...؟

‎ئێشکگری عیسای هەموو دەم

‎بۆ ئەو بەرخانه ‌... دیارنین

‎بێن بە هەڵمی دەمیان ... گەرمی بکەنەوە

‎پێم ناڵێی کوا؟!

‎کوا ئەستێرەی ڕێ نیشاندەر؟

‎کوا قیبلەنمای ڕابەر؟

‎زەردەشت و موغەکان لە کوێن؟

‎بۆ چی نایێن؟

‎بۆمان بێنن ... میسک و عەنبەر.

‎کوا فریشتەی بە هەشتیخواز، ئاوازی خۆش؟

‎ئەو شوانانەی لە ترسانا کەوتن بێ هۆش،

‎کوا مژدەی پڕ جۆش و خرۆش؟

‎شوانەکان بۆ نەهاتنەوە؟

‎زەردشتییەکان ... بۆ بە دزی گەڕانەوە؟

‎ئەوەتانێ زێدی عیسای - لەم خاکەشدا

‎لە پەیڕەوی ئەواندا

‎لەگەڵ ئاشتی دەست لەملانە

‎بە هێرۆدس - پادشای گەورە - ڕابگەیێنن

‎عیساکانی ئەم سەدەیە

‎لەگەڵ "یوسف"دا ڕاناکەن

‎پەلبەست ناکرێن

‎تاجی دڕک و شتری ڕقیان: لە سەر ناکرێ

‎خۆر لەسەر شانیان هەڵدەگرن

‎دێن دیارن

‎شۆڕشیان قەت دانامرکێ

‎مەشخەڵیان ناکوژێتەوە

‎"فادی" گەلن ، بەردەبازن

‎کارەساتی لەخاچدان و ئاوارەیی

‎دووبارە قەت نابێتەوە

‎مردن زەفەریان پێ نابا

‎ئەو ڕۆژە ناگەرێتەوە

‎هێرۆدس

‎ هێرۆدس

‎ئەو ڕۆژە ناگەڕێتەوە

‎هێرۆدس

بارزانیی نەمر، ڕۆحی بەرگری وعیزەت و فەخر و گەورەیی لە ناخی منداڵاندا دەچێنێ کە یەکێکە لە گرنگترین بناماکانی دروست بوونی کەسایەتیی تاکی کوردستانی.

لە ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیدا، سڵاو و دروود لە ڕۆحی پاک و بێگەردی باوکی کوردستانییان، "مەلا مستەفا بارزانی".

مێژووی کوردستان دابەش دەبێت بۆ دوو قۆناغ: قۆناغی پێش لەدایکبوونی بارزانیی نەمر و ئەوی تریان دوای لەدایکبوونی "مەلا مستەفای بارزانی".