واشنتن هاوکاریەکانی بۆ ئۆکرانیا زیاد دەکات
K24 - هەولێر:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە (16ـی ئاداری 2022) گوژمێکی دیکەی هاوکاری بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا رادەگەیەنێت، لەهەمانکاتدا گفتوگۆکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەستپێدەکەنەوە کە سەرۆکی ئۆکرانیا بە (واقیعی تر) وەسفی کرد.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دوای پەیوەندیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی هاوتا ئۆکرانییەکەی لە پێش کۆنگرێسی ئەمریکا زیادکردنی بڕی هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا رادەگەیەنێت.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی گوتی: "بەکۆی گشتی، لە سەرەتای ئیدارەی بایدنەوە رێگەی بە خەرجکردنی 2 ملیار دۆلار لە بواری ئاسایش داوە.
گوتیشی "لە ماوەی رابردوودا واشنتن 2600 مووشەکی دژە تانکی جاڤلین و زیاتر لە 600 مووشەکی دژە فڕۆکەی جۆری ستینگەری بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە."
بڕیارە کاتژمێر 4:00ـی پاش نیوەڕۆ زیلینسکی لەگەڵ ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس قسە بکات کە هانی بایدن دەدەن بۆ زیاتر دژایەتی کردنی رووسیا.
پێشبینی دەکرێت سەرۆکی ئۆکرانیا داواکریەکانی کە لە چەند رۆژی رابردوودا هەیبوو بۆ راگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لە ئۆکرانیا دووبارە بکاتەوە، ئەمەش شتێکە کە بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆنگرێس پشتگیری دەکەن بەڵام بایدن تا ئێستا داواکەی رەت کردۆتەوە.
پەرلەمانتارە ئەمەریکیەکان لە هەردوو پارتی باڵادەست داوا دەکەن سەرۆک بایدن ئاسانکاری بکات لە پێدانی فڕۆکەی مێگ-29ـی پۆڵەندی بە ئۆکرانیا کە پێشتر واشنتن رەتی کردەو ەکارێكی لەوجۆرە بکات.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئۆکرانیا گفتوگۆکانی ئەمجارەی نێوان کیێڤ و مۆسکۆی بە "واقیعی تر" وەسف کرد، ئەمە لە کاتێکدا دانووستەکانی نێوان ئەو دوو حکومەتە بێ ئەنجام بوونە.
سەرچاوە: AFP
H.H