دوو تێرمیناڵی گەورەترین فڕۆکەخانەی رووسیا بەشێوەیەکی کاتیی داخران
K24 - هەولێر:
دوو تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی شێرێمێتيێڤۆ کە گەورەترین فڕۆکەخانەی رووسیایە، بەشێوەیەکی کاتیی داخران و پرۆژە نوێکانی وەبەرهێنانیشی راگیران.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن فڕۆکەخانەی شێرێمێتيێڤۆوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی سزاکانەوە ژمارەی گەشتیار کەمی کردووە، بەو هۆیەشەوە تێرمیناڵەکانی E و D بەشێوەیەکی کاتیی داخراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، تا کاتی ئاساییبوونەوەی ژمارەی گەشتەکان فڕگەی سێیەمی فڕۆکەخانەکە دادەخرێت.
بەهۆی سزاکانەوە، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریاندا، ئاسمانی وڵاتەکانیان بەڕووی فڕۆکەکانی رووسیادا دابخەن و لە بەرامبەریشدا، رووسیا بڕیاری دا هەمان سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت.
هاوکات بەهۆی مەترسی دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکە رووسیاییەکان لەلایەن کۆمپانیا خۆرئاواییەکانەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی لە رووسیا گەشتە نێودەوڵەتییەکانیان راگرت.
سەرچاوە: AA