لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا؛ نامەی بارزانی بۆ بەغدا و تاران

"ئیرادەی گەلی کوردستان لە چەکی کیمیاوی و مووشەک بەهێزترە"
سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - 

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی سی و چوارەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، نامەیەکی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەستەڵاتدارانی بەغدا و تاران نارد و دووپاتی کردەوە کە "ئیرادەی گەلی کوردستان لە چەکی کیمیاوی و مووشەک بەهێزترە".

بارزانی لە پەیامی خۆیدا دەڵێ، "دوژمن هەڵەبجەی كیمیاباران كرد، بەڵام ئازادیخوازیی گەلی كوردستان هەر زیندوو مایەوە."

پەیامی ئەمساڵی سەرۆک بارزانی بۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە، لە کات و سات و بە روحێکی جیاوازە. دەستەواژەی "کیمیابارانکردن" بۆ بەشێک لە دەستەڵاتدارانی ئێستای بەغدا کە لە پێشێلکردنی مافی گەلی کوردستان بەرەدوامن و "مووشەک" بۆ لایەنێکی حکومەتی تاران کە بە بیانووی بێبنەما، هەڕەشە کە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەن.

دابەشکردنی کوردستان، ئەنفال، کیمیابارانکردن، فەرمانی سەر کوردانی ئێزدی و زوڵمی رۆژانەی سەر کوردان هەر بەردەوامە، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ئاست ئەو کارەسات و غەدرانەی سەر کوردیش هەر بەردەوامە.

گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە
گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە

بەغدا، میراتگری رژێمی پێشوو

بەشێک لە ئەندامان و کارمەندانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ لە هۆڵێکی ئەو ئەنجوومەنەدا بۆ یادی کارەسات و بەرزراگرتنی روحی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە کۆ بوونەوە. سەرەڕای ئەوەی زۆربەی خەڵکی عێراق قوربانی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس بوونە و هیچ نەبێ لەوەدا هاودەردن، بەڵام کەمتر پەرلەمانتاری سوننە یان شیعە ئامادەبوون لەگەڵ پەرلەمانتارە کوردەکان لە یادی کارەساتی هەڵەبجەدا بەشدار بن.

فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، نایشارێتەوە کە تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە دەستەڵاتدارانی بەغدا، وەک هاوبەشی راستەقینە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکەن.

فارس کە بۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە لە هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، بە کوردستان ٢٤ دەڵێ: تا ئێستاش عەقڵییەتی رژێمی پێشوو لە بەغدا، هەر ماوەتەوە.

مەبەستی ئەو لە "عەقڵییەتی پێشوو"، بیرکردنەوە و سیاسەتەکانی رژێمی بەعسی رووخاوە بەرانبەر بە کوردستان و گەلەکەی. ئەمە رەنگە لە کەس شاراوە نەبێ، چونکە دوای ئەوەی دەوڵەتی ئێستای بەغدا دوای رووخانی رژێمی بەعس توانی تا رادەیەک بەهێز بێ، سیاسەتی دژایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرتەبەر، بوودجە و قووتی خەڵکی بڕی، بەشداری کوردی لە جوومگە سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراق گەیاندە ئاستی سفر، ساڵی ٢٠١٧ هێرشی کردە سەر کوردستان و ئێستاش لە ئاست دەستدرێژییەکانی سەر کوردستان بێدەنگە.

ئەو ماڵەی لە هەولێر کە بە بیانووی
ئەو ماڵەی لە هەولێر کە بە بیانووی "بوونی ئیسرائیلی" لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بۆردوومان کرا

"مووشەک"ی ئێرانی

سوپای پاسدارانی ئێران بە بیانووی "بوونی پێگەی ئیسرائیلی" لە کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئەم مانگە بە ١٢ مووشەکی جۆری باڵستیک گەڕەکێکی دەورووبەری هەولێری بۆردوومان کرد. ئەو بیانوویە بە تەواوی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەت کرایەوە و ئێستا لیژنەیەک لە راستیی ئەو بیانوویە و رووداوەکە دەکۆڵێتەوە.

دەستدرێژییەکەی سوپای پاسداران بۆ هەر هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کورد دەرگای ئابووریان بە ڕووی بازرگانانی ئێرانیدا کردووەتەوە و لە رووی سیاسی و تەناهیشەوە نییەتپاکی خۆیان وەک درواسێ و بێلایەنی لە کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، نیشان داوە.

گەلی کوردستان لەو دەستدرێژییەدا بۆ سەر قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی کاردانەوەی جیدی و روونی لایەنە عێراقییەکان بوون، بەڵام وەل فارس عیسا دەڵێ، "بەشێک لە عێراقییەکان بەو بۆردوومانەی سەر هەولێر خۆشحاڵ بوون".

هەر لەو روانگەیەوە، فارس عیسا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە گەلی کوردستان لەو دەستدرێژییانە بپارێزێت.

جەژنی هاووڵاتیان بە بۆنەی سەرکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان
جەژنی هاووڵاتیان بە بۆنەی سەرکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان

بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی

لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ گەلی کوردستان لە پرۆسەیەکی دەستووری و دیموکراسیانەدا، بەشداریان لە راپرسیی سەربەخۆیی کوردستان کرد و زیاتر لە ٩٧٪ بە بەڵێ دەنگیان دا. کورد پێی وابوو لە سەدەی ٢١ و لە بانگەشەی وڵاتانی "دیموکرات" بۆ ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین، ئیتر رێز لەو هەموو قوربانیدانەی دەگیرێ، بەڵام ئەنجامی رووداوەکان دیسان تراژدییەکی دیکە بۆ کورد بوو.

بارزانی دووپات دەکاتەوە کە "دوژمن هەڵەبجەی كیمیاباران كرد، بەڵام ئازادیخوازیی گەلی كوردستان هەر زیندوو مایەوە". ئەو ئازادیخوازییەی کورد هەر ماوە و ئێستا لە بەغدا شەڕی بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکات.

بە پێی مادەی ١٣٢ لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، دەبی قوربانیانی دەستی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام ئەوە نزیکەی ٢٢ ساڵە تەنیا مادەیەکی دەستوورییە و دەوڵەتی بەغدا جێبەجێی نەکردووە.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکیسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دووپات لە جێبەجێکردنی ئەو مادە دەستوورییە لە لایەن دەوڵەتی بەغداوە دەکات.

هەروەها فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، دەڵێ "حکومەتی ئێستا، میراتگری رژێمی پێشوویە و بە پێی دەستوور دەبێ قوربانیانی دەستی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئە کارەش داوای پاڵپشتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین".

ئەمە رەنگە داوایەکی قورس بێت، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستا هەڵوێستی شەرمنانەیان لە بەرانبەر هەموو ئەو زوڵمانە نیشان داوە کە بە سەر کورد هاتووە. ١٨٢ هەزار ئەنفالکراو، پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە، تاوانەکانی داعش و دەستدرێژیی رۆژانەی وڵاتان بۆ سەر کوردستان، کۆمەڵێک کارەساتن کە تا ئێستا کۆموڵگەی نێودەوڵەتی لێی بێدەنگن.