سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، چیک و سلۆڤینیا لە کیێڤ لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا كۆبوونەوە
K24 - هەولێر:
هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، چیک و سلۆڤینیا لەمیانی پێكدادانەكان و مەترسی ئەمنی و بە مەبەستی پشتیوانی و راوێژکردن لەگەڵ ئۆکرانیا بەیاوەری نێردەی یەکێتیی ئەوروپا بە شەمەندەفەر سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆكرانیایان كرد و لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆكی ئۆكرانیا كۆبوونەوە.
ماتيوز مۆراویسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا وێرای دەربڕینی هاوخەمی و پشتیوانی خۆیان بۆ حكوومەت و گەلی ئۆكرانیا، رایگەیاند، حكوومەتی ئۆكرانیا جیا لەوەی كە بەرگری لە گەل و خاكەكەی دەكات، بەڵکو بۆ ئازادی و ئاسایشی گەلانی دیكەی ناوچەكەش دەجەنگێت.
ھاوكات زێلێنسکی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پشتیوانی هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، چیک و سلۆڤینیا دەربڕی.
لەوكاتەوەی لە 24 مانگی شوبات شەڕ لە ئۆكرانیا روویداوە ئەمە یەكەم سەردانی بەرپرسانی پلەبالای جیھانە بۆ كیێڤ.