روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

هەرچی تایبەتە بە پرۆسەی نەوت  بێ ئاگاداری تیمی یەكێتی نەبووە
پاره‌ی عێراقی
پاره‌ی عێراقی

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارێكی پێشووی یه‌كێتی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، "زانیارى نادروست دادی چارەسەری كێشەكان نادات".

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌

ئێوارەى (14/3/2022) لە چاوپێکەتنێکدا، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (دكتۆر عیزەت سابیر) سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان. هێرشێكی ناڕەوایی كردە سەر وەزارەتی دارایی و ئابوری كە گوایە " وەزارەتی دارایی بانكەكانی سلێمانی ناچار دەكات كە هەرچی داهاتیان هەیە بیدەن بە موچە بۆیە پارەیان نامێنێت بۆ خزمەتگوزاری و ئەم پلانەی وەزارەتی دارایی جێ بەجێى دەکات بۆ شاردنەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوته‌ کە نا شەفافە."

بۆیە بە گرنگ و پێویستمان زانى  ئەم ڕوونکردنەوە بدەین بۆ ئەوەى ڕاستیەکان وەک خۆى و بە شەفافانە بەهەموو لایەک بگات:-

1- وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ئیجبار نەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بدات بە مووچە بەڵکو ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى ئەولەویەتى داوە بە دابەشکردنى مووچە و  باقیاتى کە دەمێنێتەوە. مانگانە هەبووە و لەبەر دەست بووە بۆ پێداویستیەکانى تر، بەڵام بە پێچەوانەوە بە درێژایی ساڵی 2021 بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ڕێنماییەكانى ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەكردووە، تایبەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی سیولە و ئەولەویەتى مووچە و سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە. سەرئەنجام كێشەیەكی گەورەی سیولەی درووستكردووە و تەنانەت دەستی بردووە بۆ ئەو سیولانەش كە هی هاوڵاتیان و فەرمانگەكانی حكومەتن و لە ژمارە حیسابی خۆیاندا بووە و کە یاسا ڕێگە بە دەستكاریان نادات.

2- پرۆسەی نەوت لە دەرهێنانی تا فرۆشتنی لەو ساڵانەدا بووە كە بەڕێز د.عیزەت سابیر پەرلەمانتار و سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە و حیزبەكەشی بەشداربووە  لە حكومەتدا و هەرچی تایبەتە بە پرۆسەی نەوت  بێ ئاگاداری تیمی(یەكێتی) نەبووە لە كابینەی پێشوو و ئێستاش. ئەگەر هەڵەیەك هەبووبێت لەوێوە دەستی پێكردووە. نەك لە كابینەی نۆیەم و وەزارەتی دارایی ئێستا.

3- وەزارەتی دارایی تەنیا بەرپرس و ئاگادارە لەو بڕە داهاتەی نەوت كە مانگانە دەگاتە ئەژمێری وەزارەتی دارایی و بەس. پرۆسەی فرۆشتن لە هیچ كابینەیەكدا كاری وەزارەتی دارایی نەبووە و ئێستاش كاری وەزارەتی دارایی نییە. تەنیا بۆ زانیاری و سەلماندن بۆ ئەم دوو مانگەی دوایی بڕی داهاتی نەوت كە هاتۆتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی و لێی ئاگادارە بۆ مانگى (1) 486 و مانگى(2) 488 ملیۆن دۆلار بووە و بەس . ئەگەر دكتۆر داوای شەفافیەت دەكات حەقبوو پێش ئاماژەكردن بۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ تیمی یەكێتی بەشدار لە حكومەتدا ئەم پرسەی تاوتوێ بكردایە. چونكە بە ژمارەی وەزیر و پێگەیان لە پێشەوەن...

4- زانیارى نادروست دادی چارەسەری كێشەكان نادات. بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی هەرچۆن دەستی بردووە بۆ ئەژمێری كەسی و تایبەتی و فەرمانگەكانی حكومەت، كێشەی پرۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەكان ودەرمانیش هەر لەوێوە سەرچاوەی گرتووە.

تێبینی/ تێكڕای داهاتی ناوخۆی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2021 نزیكەی 120 ملیار دینار بووە مانگانە.

5345