هیندستان دەیەوێت ببێتە هەناردەکارێکی سەرەکی بازاڕی گەنم
K24 - هەولێر
هیندستان پلانی هەیە ببێتە هەناردەکارێکی سەرەکی لە بازاڕی گەنم، لە کاتێکدا هاوردەکاران بە دوای جێگرەوەی گەنمی رووسی و ئۆکرانیدا دەگەڕێت.
هیندستان هەوڵدەدات ببێتە دووەم بەرهەمهێنەری گەنم لە دوای چین، هەروەها بەشێک لە گەنمەکەشی بفرۆشێت، بە تایبەت ئەو بڕەی لە سایلۆکان لێی زیادە و لەم کاتەشدا کە نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە، کێشە بۆ دابینکردنی گەنمی جیهانی دروستبووە، کە رووسیا گەورەترین سەرچاوەی گەنمە لە جیهان و ئۆکرانیاش هەناردەکارێکی سەرەکی ئەو دانەوێڵەیە لە بازاڕەکانی جیهان.
سەرەڕای سەرڕێژبوونی گەنم لە عەمبارەکانی، بەڵام کێشەی لۆجێستی و کوالێتی بەرهەمەکەی کێشەی بۆ هیندستان دروسکردووە.
دوو سەرچاوەی حکومی هیندستان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، بەهۆی پلان و گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ، بۆ وەرزی نوێی ئەمساڵ 10 ملیۆن تۆن گەنمی زیاتر بەرهەمدەهێنن.