دوو تەرمی دیکەی کۆچبەرانی کورد لە رووداوەکەی دەریای ئیجە ناسرانەوە

"تەرمەکان لە رێگەی پشکنینی DNA ناسراونەتەوە"
دەریای ئیجە
دەریای ئیجە

K24 – هەولێر

دوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی پشکنینی DNA دوو تەرمی دیکەی کۆچبەرانی کورد، لە رووداوەکەی نوقمبوونی بەلەمێک لە دەریای ئیجە ناسرانەوە.

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوو تەرمی دیکەی کۆچبەرانی کورد لە رووداوەکەی نوقمبوونی بەلەمێک لە 21/12/2021ی دەریای ئیجە ناسرانەوە".

سەرچاوەکە بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد: "ئەو دوو تەرمە لە رێگەی پشکنینی DNA ناسراونەتەوە، یەکێکیان ئافرەتە بە ناوی ژاکاو محەمەدئەمین رەسوڵ، ئەوەی دیکە گەنجێکە بەناوی جێگر ئەبوبەکر برایم".

سەرچاوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژەی بەوەشکرد: "رێکارەکان دەگیرێنەبەر بۆ هێنانەوەی تەرمەکانیان و رادەستکردنەوەیان بە کەسوکاریان".

بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە 21/12/2021، کە لە تورکیاوە بەرەو یۆنان دەچوو ژمارەیەک کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، بەشێک لەو کۆچبەرانە خەڵکی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

یەکێک لە رزگاربووانی ئەو رووداوە منداڵێکی تەمەن 11 ساڵەی خەڵکی کۆیە بوو بەناوی رێوار رێبوار کە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی لەو رووداوە گیانیان لەدەستدا، دوای ماوەیەک لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و بە کەسوکاری شادبووەوە.