رێبەر ئەحمەد لە پەرلەمانی عێراق زانیاری لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەخاتەڕوو

پەرلەمانی عێراق تاوتوێی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر دەکات
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە پەرلەمانی عێراق
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر لە کۆبوونەوەدان.

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هێرشە مووشەکییەکەی بەرەبەیانی 13ـی ئاداری سەر شاری هەولێر، دەستیپێکرد.

ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر بانگهێشتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقە، بە سەرۆکایەتی حاکم زاملی لیژنەیەک بەناوی (لێکۆڵینەوە لە راستییەکان) دروستکراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێک لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەخاتەڕوو، تێیدا وردەکاری زیانەکان و دەرهاویشتەکانی هێرشەکە رووندەکاتەوە.

دوای هێرشە مووشەکییەکە لیژنەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکار و ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکە سەردانی هەولێریان کرد و ئەو شوێنانەیان بەسەر کردەوە کە بەر هێرشەکە کەوتوون.

سیروان سیرینی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان لە دانیشتنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە لەبارەی هێرشە مووشەکییەکە دەکرێت و هۆکاری پێشێلکارییەکان تاوتوێ دەکرێت.

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "وەزیری ناوخۆ زانیاریەکانی خۆی پێشکەش دەکات و هەموو فراکسیۆنەکان، بەوانەشی بەشداری لێکۆڵینەوە مەیدانیەکەیان نەکردبوو، ئامادە دەبن و دواتر راپۆرتی خۆمان دەدەینە سەرۆکایەتی ئەنومەنی وەزیرانی عێراق".

گوتیشی: "ئێمەش وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکان کە چووینە ئەو شوێنانەی بەر هێرشە موشەکییەکە کەوتوون، لای لیژنەکەمان روونبوو کە خەڵکی مەدەنی تێدا بوو".

بەرەبەیانی 13/3/2022، بە 12 مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، بەو هۆیەوە زیانی زۆری مادی بەر چەند ناوچەیەکی سڤیل نیشین و دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 کەوت، دواتر سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند.