حدكا: لە شەڕەكانی دوێنێ فەرماندەیەك و چەند پاسدارێكی ئێران كوژراون

تۆپخانەكانی ئێران بەردەوامن لە تۆپبارانكردنی گوندەكانی كوردستان

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی شورای نیزامی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕی دوێنێی پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سپای پاسداران لە شاری شنۆ و گوندەكانی دەەورووبەری 20 پاسدار كوژران و بریندار بوون كە لە ناویاندا جێگری فەرماندەی سوپای شاری شنۆ ھەیە.

رۆستەم جەھانگیری گوتەبێژی شورای نیزامی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە (كوردستان24) ی گوت: "لە ئەنجامی ئەو شەڕو پێكدادانی دوێنێی پێشمەرگەكانمان لەگەڵ پاسدارانی ئێران 20 پاسدار كوژراون و بریندار بوونە، لە ناو كوژراوەكانیشدا حاجی سەمەدی، جێگری فەرماندەی سوپای شاری شنۆ ھەیە و تەرمەكەی براوە بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ، ھەر بەوھۆیەوە ئەمڕۆ ھێزەكانی سوپای پاسداران چەند ماڵێكیان لە گوندی قەرەسەقەل سوتاندووە و تا ئێستا تۆپخانەكانی ئێران بەردەوامن لە تۆپبارانكردنی گوندەكانی گەرگیز و قەرەسەقەل".

دوێنێ پێشمه‌رگه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ گونده‌كانی (سه‌رگیز و قه‌ره‌سه‌قه‌ل)ی شاری شنۆ كه‌وتوونه‌ته‌ بۆسه‌ی هێزه‌كانی رژێمی ئێران و شەڕ و پێكدادان لە نێوانیان روویدا.

بە گوێرەدوایین زانیارییەكان ژمارەیەك لە كوژراو و بریندارەكانی پاسدارانی ئێران لە نەخۆشخانەی شاری شنۆن و ژمارەیەكیشیان بۆ نەغەدە و ورمێ گواستراونەتەوە.