وڵات شیرینە

Kurd24

ھێرشەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر (ھەرێمی کوردستان) ناھەقیەکی گەورەیە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و یاسا و عورفە نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی، بۆیە پێویستە وەک ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی و ئەخلاقی ھەموومان بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزاری بکەین، بڕواشمان بە ئیرادەی خۆمان ھەبێت لە کۆتاییدا کوردستان سەر بڵند دەبێ و شەرمەزاری بۆ ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەبێت.

سەڕەرای ھەموو گلەییەکان کە لە وڵاتی خۆمان ھەمان بێت، بەڵام کوردستان نیشتمانی دایکە بۆ ھەموومان (شام شەکرە، وڵات شیرینترە).

ئێران توانایی بەرەنگاربوونەوەی بەرامبەر دوژمنەکانی سەرەکی خۆی، لەوپەڕی لاوازیدا بووە بە بەردەوامی، ئەوەی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان  ئەنجامیدا بە بیانووی لێدانی بارەگای (ئیسرائیلی) بەھیچ جۆرێ؛ راست نییە، بەڵکو دڵدانەوەی خۆیەتی بەرامبەر ئەو لاوازییە کە بەرامبەر دوژمنەکانی ھەیەتی، بەڵێ ئەوە دیارە کێیە کە بە بەردەوام لە ھێزەکانی ئێران دەدات لە سووریا، ئەوە دوژمنەکەی  ئێران بوو کە قاسم سلێمانیان تیرۆر کرد کە گرنگترین پیاوی ئەمنی و سەربازی ئێران بوو، ئەوە ئەوان بوون گەورەترین زانای (ئەتۆمی) ئێرانیان لەناو تاراندا تیرۆر کرد (فەخری زادە)، ئەوە ئەوان بوون کوورەی ئەتۆمی ئێرانیان لەڕێگەی ئەندازیارێکەوە نیوە خاپوور کرد، ئەوە ئەوان بوون دەیانجار لە ماوەی رابردوودا تا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا  لەناو ئێران بە فڕۆکە لە ئامانجەکانیان دەدەن، ئەرێ کوا کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر دوژمنەکانی؟

لە زۆربەی ئەم ھێرشانەی کە دەکرێتە سەر کۆماری ئیسلامی، ئێران ھەر نازانێ بە چ شێوەیەک و چۆن ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەنجامدراون، ئایا ئێران دەیەوێ تۆڵەی ئەم بابەتانەی سەرەوە لە خەڵکی کوردستانی دراوسێ و مەزڵووم و بێتاوان بکاتەوە؟